دوای شەوێکی سەخت و ململانێ لەگەڵ ڕەشەبا؛ ئاگرە گەورەکەی شاخی گۆیژە کۆنترۆڵ کرا

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ئاگرەکەی شاخی گۆێژە
دیمەنێک لە ئاگرەکەی شاخی گۆێژە

دوای چەندین کاتژمێر لە ململانێی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خۆبەخشان لەگەڵ بڵێسەی ئاگرەکە، ئاگرە گەورەکەی شاخی گۆیژە لە سلێمانی کۆنتڕۆڵ کرا و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری گیرا.

کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە و کۆنتڕۆڵکردنی

کاتژمێر 11:30ـی شەوی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لە پووش و پەڵاشی شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی کەوتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەوڵێکی چڕ و بەردەوام، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا توانییان ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن.

هەوڵی تیمەکان و بەشداری خۆبەخشان

بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمەکانیان لە چەندین قۆڵی جیاوازەوە بە هەموو توانایەکیانەوە سەرقاڵی کپکردنەوەی ئاگرەکە بوون. لەم ئەرکەدا چەندین تیمی هاوکار و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی خۆبەخش بەشدارییان کردووە، بە ئامانجی ئەوەی ڕێگری لە سووتانی دارەکان بگرن و زیانە ژینگەییەکان بۆ کەمترین ئاست داببەزێنن.

ئاستەنگەکانی بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی، هەبوونی ڕەشەبای بەهێز لە ناوچەکەدا ئەرکی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی قورستر کردبوو و ئاستەنگی بۆ جووڵەی تیمەکان دروست کردبوو. ڕەشەباکە ببووە هۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە، بەڵام تیمەکان توانییان ڕێگری لە سووتانی ڕووبەرێکی فراوانتری دارستانە دەستکردەکەی شاخی گۆیژە بگرن.

ڕێنمایی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن

بەرگریی شارستانیی سلێمانی داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکاران کرد کە لەم بارودۆخانەدا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. جەختیشی کردەوە کە پێویستە زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکی ناڕاست کە ببێتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس لای هاونیشتمانییان.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا