ئەمساڵ لە زیقار 105 حاڵەتی تووشبوون و 9 گیانلەدەستدان بەتای خوێنبەربوون تۆمارکراوە
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی سەندووە و پارێزگای زیقاریش بە تۆمارکردنی 109 حاڵەتی تووشبوون و 9 گیانلەدەستدان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەک لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانە دێت کە زۆرترین ڕێژەی تووشبوونیان تێدا تۆمار کراوە.
زیقار لە پێشەنگی پارێزگاکانی عێراقدایە
ئەحمەد خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار لەبارەی ژمارەی قوربانیانی ئەو پەتایە ڕایگەیاند، تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگاکە، 109 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە، هەروەها 9 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراوە.
بەردەوامیی پێشەنگیی زیقار لە تووشبووندا
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەبارەی دۆخی شەش ساڵی ڕابردووی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەک، زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقارە.
کەمیی تیمە پزیشکییەکان و سنوورداریی تواناکان
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، توانایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە سنووردارە و تیمی پزیشکیی تایبەتمەندیان کەمە.
هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پارێزگای زیقار لەبارەی داواکارییەکانیان بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، داوایان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە پاڵپشتیی دارایی ئەو پارێزگایە بکات بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر و پێداویستیی دیکەی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری.
4 کاتژمێر پێش ئێستا