گوڕانی جەنگی سەربازی بۆ ئابووری و داخستنی گەرووی بابولمەندەب نرخی نەوت دەگەیێنێتە 200 دۆلار
لە ئاکامی جەنگ و لێکەوتەی ململانێ نوێیەکاندا، کارتی ئابووری و هەڕەشەی داخستنی گەرووە ئاوییە ستراتیجییەکان بوونەتە ئامرازی سەرەکیی گوشار، بە جۆرێک ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و هەڕەشەی حوسییەکان بۆ سەر گەرووی بابولمەندەب مەترسیی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی وزە و هەڵاوسانی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهان هێناوەتە ئاراوە.
گۆڕانی سروشتی جەنگەکان بۆ وشککردنی دەماری ئابووری
لە جەنگ و ململانێ کلاسیکییەکاندا دوو وڵات گەر هەڕەشەیان لەیەکدی بکردایە هێزیان بەرامبەر یەکدی دەجووڵاند، لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێستادا هەڕەشەکان گۆڕاون و کارتی ئابووری و وشککردنی دەمارەکان لەیەکدی دەکرێت.
گەرووە ستراتیجییەکان وەک کارتی فشار لە جەنگی ئەمریکا و ئێران
لە جەنگی ئەمریکا و ئێرانیشدا دەبینین داخستنی گەرووە ستراتیجییەکان یەکێکن لەو هەڕەشانەی لایەنەکانی جەنگ وەک کارتێکی فشار بەکاری دەهێنن.
هەڕەشەی حوسییەکان و گەمارۆدانی کەشتییە سعودییەکان
حوسییەکانی یەمەن لەبارەی گەمارۆدانی دەریایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە گوتیان، لە ئەگەری بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج، بۆ ئەمەش، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ هێرشی درۆنی و مووشەکی، بە فەرمی گەمارۆی دەریاییان بەسەر هاتن و چوونی کەشتییەکانی سعودیەدا سەپاند، لەم هەفتەیەدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعودییان لە دەریای سوور بەئامانجگرت و ئێستا مەترسی هەیە گەرووی بابولمەندەبیش بە هەمان ئاقاری هوورمزدا بڕوات.
گرنگیی ئابووریی گەرووی بابولمەندەب و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
گەرووی بابولمەندەب نزیکەی 12%ـی بازرگانیی جیهانی و 7%ـی دابینکردنی نەوتی جیهان بەڕێوەدەبات، مەترسی هەیە داخستنی گەرووەکە نرخی نەوت تاوەکو 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ببات و هەڵاوسانی جیهانیی بەرفراوان دروستبکات.
لێکەوتەکانی داخستنی ڕێڕەوی دەریای سوور لەسەر وزەی جیهانی
ئەگەر حوسییەکان سەرکەوتووبن لە داخستنی تەواوی گەرووەکەدا، دووەم شادەماری گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبڕێت و ئەم پچڕانەش کەشتییەکان ناچار دەکات بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە درێژایی وڵاتانی کەناراوی ئەفریقا زەریای هیندی ببڕن، کە ئەمەش ڕوویدا، قەیرانێکی توندی وزەی جیهانی دەبینین و هەڵاوسانی جیهانی دروستدەکات.
هەڵوێستی کۆشکی سپی و هەڕەشەکانی ترەمپ
مەترسییەکە گەیشتووەتە کۆشکی سپی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئەگەری بەردەوامبوون لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، هەڕەشەی سەپاندنی سزای سەربازیی گەورە بەسەر حوسییەکاندا دەکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە باشوور، ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران.
جموجۆڵە سەربازییەکانی پنتاگۆن لە ناوچەکە
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە نوێیەکان، ئەمریکا هەزاران ئەندامی هێزی دەریایی لە ناوچەکە جێگیر دەکات، پنتاگۆن بڕیاری ڕێکخستنەوەی دەریایی دەرکردووە و هێزی دەریایی لە کەنداوی عەرەبییەوە بەرەو یەمەن دەگوازێتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داخستنی گەرووی بابولمەندەب.
3 کاتژمێر پێش ئێستا