
پۆڵا سیروان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی شایستە داراییەکانی زیاتر لە 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست و هەمیشەیی هەرێمی کوردستان، یاداشتێکیان بە واژۆی 109 پەرلەمانتارەوە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە تا مووچەکانیان بخرێتە ناو بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـەوە.
پۆڵا سیروان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، واژۆی 109 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆکراوەتەوە و ئاڕاستەی وەزیری دارایی کراوە، تاوەکو بتوانن لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا لۆبییەکی بۆ دروستبکەن و دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر بدات و مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2027ـەوە.
ناوبراو لەبارەی پەیوەندی و بەدواداچوونی لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕوونی کردەوە، لەپاش سەردانی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ لای فراکسیۆنە کوردییەکان و چارەسەری مووچەکانیان، کێشەکەیان بە یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئاڕاستەی لیژنەی پەروەردە و ڕاوێژکاری یاسایی کراوە.
ناوبراو لەبارەی ژمارەی سودمەندبووان و تێچووی داراییەوە باسی لەوەش کرد، بابەتەکەیان فراوانکردووە و سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و هەمیشەیی هەرێمی کوردستان، کە پاش تەمموزی 2024 دامەزراون و ژمارەیان زیاتر لە 86 هەزار فەرمانبەرە، کراون بە یەک داواکاری و داوایان کردووە، شایستە داراییەکانیان بخرێتە ناو بودجەی ساڵی داهاتووەوە و لەبری ئەوەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بدرێت، بخرێتە سەر بەغداد.
پۆڵا سیروان لەبارەی بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەکان ڕاشیگەیاند، ژمارەی فەرمانبەر و مامۆستاکان 86 هەزارە و بڕی مووچەی ئەوان کە پێشنیازیان کردووە بخرێتە ناو بودجەی 2027ـەوە بریتییە لە 42 ملیار دینار.
