وەزیری ژینگەی عێراق: چارەسەرکردنی پیسبوونی چەمی تانجەرۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیجلە و فورات دەبێت
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ سنووری تانجەرۆ لە سلێمانی، ڕایگەیاند لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئامادەکاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاککردنەوەی چەمی تانجەرۆ و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بنەمایەکە بۆ بنبڕکردنی پیسبوونی ئاوی سیروان، دەربەندیخان و ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەیی تانجەرۆ
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی چەمی تانجەرۆوە ڕایگەیاند، سەردانی چەمەکەی کردووە و چەند هەنگاوێکی کرداری دەگیرێنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەی تانجەرۆ و پاکبوونەوەی ئاوەکەی.
کاریگەری لەسەر ئاوی سیروان و دەربەندیخان
وەزیری ژینگەی عێراق لەبارەی کاردانەوەی پڕۆژەکەوە گوتی، بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ، کێشەی پیسبوونی ئاوی سیروان و دەربەندیخانیش بنبڕ دەکرێت.
دارایی پڕۆژەکە و ئامادەکارییەکان
ناوبراو لەبارەی هەماهەنگییەکانی پاککردنەوەی چەمەکەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئامادەکاری کراوە و دوو کۆمپانیا ڕاسپێردراون بۆ پاککردنەوەی پیسبوونی چەمی تانجەرۆ و ئەوان تەمویلی پڕۆژەکە دەکەن و سبەی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کۆدەبنەوە.
پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق
سروە عەبدولواحید لەبارەی گرنگیی ڕزگارکردنی تانجەرۆوە جەختی کردەوە، چارەسەرکردنی پیسبوونی ژینگە و ئاوی تانجەرۆ، یەکەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات.
پاککردنەوەی پاشەڕۆکان تاوەکو دیالە
سروە عەبدولواحید لەبارەی ڕێڕەوی پاشەڕۆکانەوە باسی لەوە کرد، لایان گرنگە چەمی تانجەرۆ پاک بێتەوە و کار بۆ پاککردنەوەی پاشەڕۆی سەر چەمەکە لە تانجەرۆوە تاوەکو دیالە دەکەن، چونکە ئەو پاشەڕۆیانە دەچنە ناو ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات.
دروستکردنی وێستگەکانی چارەسەرکردن
سروە عەبدولواحید لەبارەی میکانیزمی پاککردنەوەکەوە گوتی، هەنگاوە کردارییەکانی پاککردنەوەی چەمەکە، دانانی 2 بۆ 3 وێستگە یاخود یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس دەبێت، هەروەها گوتی، "حکومەتی عێراق جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەی چەمەکە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت".
سزادانی کارگە سەرپێچیکارەکان
وەزیری ژینگەی عێراق لەبارەی پابەندبوونی کارگەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت کارگەکان پابەندی ڕێنماییەکان بن، ئەگەر پابەندیش نەبوون دادەخرێن، چونکە پابەندنەبوونیان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ئاو.
مەترسییەکانی پیسبوونی ئاو لەسەر تەندروستی و سروشت
وەزیری ژینگەی عێراق لەبارەی ئامار و زیانەکانی پیسبوونی ژینگەوە باسی لەوە کرد، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری تانجەرۆ ڕوو لە زیادبوونە و لە ئاوەکانی عێراقیشدا زۆر ماسی بەهۆی پیسبوونەوە لەناوچوون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا