ڕۆیتەرز: گرێبەستێک لە نێوان چین و ئێران واژۆکراوە بۆ کڕینی سیستمی بەرگری
چین ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە پلانی هەیە 400 سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئێران دابین بکات و بە بێ بنەما ناویان دەبات.
چین ڕەتیدەکاتەوە
ئەمڕۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، کاتێک لەبارەی ئەو ڕاپۆرتە میدییایانەوە پرسیاری لێکرا کە باس لە پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە ئێران دەکەن، گوتی:" ئەو ڕاپۆرتانە بە تەواوی بێ بنەمان".
ڕۆڵى چین لەناوچەکە
گوتەبێژەکە جەختی لەوەش کردەوە، چین بەردەوام ڕۆڵ لە برەودان بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ململانێکە دەگێڕێت.
ڕۆیتەرز گۆمەکەى شڵەقاند
ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە، گرێبەستێک لە نێوان چین و ئێران بە بەهای 60 بۆ 70 ملیۆن دۆلار واژۆکراوە، بۆ کڕینی 400 سیستمی بەرگریی ئاسمانیی چین.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، بەشێکی سیستمەکان دەگەنە دەست ئێران.
سیستمەکە لەسەر شان دادەنرێت
سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز ئاشکرایان کردووە، گرێبەستەکە ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانە دەگرێتەوە کە دەتوانرێت بگوازرێنەوە و لەسەر شانی سەربازەکان دابنرێن، هاوکات مووشەکە چینییەکانی جۆری کیو دەبلیو-12 و ئێف ئێن- 16ـی چین لەخۆدەگرێت.
قوڵبوونەوەى پەیوەندییە سەربازییەکانى ئێران و چین
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، گەیاندنی سەدان سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کۆگای چەکی بەرگریی ئاسمانیی مەودا کورتی ئێران فراوانتر دەکات و پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ چین قووڵتر دەکاتەوە.
ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە
سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز هۆشدارییان دا، هەرچەندە ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە، بەڵام ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە کاتی گەیاندن و بڕەکان و وردەکارییەکانی دیکەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا