
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، پشتگریی هەر کارێک دەکەن کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و ئاماژەی بەوەشکرد بڕیارى جەنگ لە دەستى ترەمپە.
نەتانیاهوو، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی گوتی "ترەمپ ئێستا سێ بژاردەی لەبەردەستدایە لە جەنگەکەی دژی ئێران، ئەویش ئەوەیە ڕێککەوتنێک بەدەستبهێنێت، بەردەوام بێت لەسەر گەمارۆکەی بۆ سەر ئێران، یان هەڵمەتی سەربازی دەستپێبکات".
نەتانیاهوو، جەختی لەوەکردەوە، پشتگیری هەر کارێک دەکەن کە ببێتە کۆتاییهێنان بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران و ئەوە ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلە، ڕەتیشیکردەوە هەوڵیدابێت ترەمپ قایل بکات هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، گوتى "بڕیارى لە دەستى ترەمپە".
لە بارەی گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، نەتانیاهوو گوتی "گومانی هەیە لە شێوازی کارکردنی ئێران و دڵنیا نییە ئەگەر بە دیپلۆماسییەت و فشاری ئابووری بەدەست بێت".
کاتێک لە بارەی پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێ دێرینەکەی پرسیاری لێکرا، نەتانیاهوو گوتی: "لە ئەمریکا دەڵێن ترەمپ هەموو ئەو شتانە دەکات کە من دەیڵێم و لە ئیسرائیل دەڵێن من هەموو ئەو شتانە دەکەم کە ئەو دەیڵێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە هاوپەیمانین، ئەو هاوپەیمانە باڵاکەیە و من هاوپەیمانە بچووکەکە".
نەتانیاهوو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد لە کۆتاییدا ئەو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و هەرکاتێک پێویست بکات بەرگری لە بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی وڵاتەکەی بکات، ئەو کارە دەکات.
لەبارەی گرژییەکانی گەرووی هوورمزەوە، نەتانیاهوو باسی لەوەکرد، دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە، گەرووەکە ناتوانێت ببێتە فشارێکی بەهێز، چونکە خەڵک بۆرییەکانی لە هوورمزەوە دەگوازێتەوە بۆ دەریای سوور و لەوێوە بۆ ئیسرائیل و دەریای ناوەڕاست.




