
عێراق لە قەیرانێکى قووڵى داراییدایە، بۆ دابینکردنى مووچەى مانگى تەمموز دووچارى کورتهێنان هاتووە و لە هەوڵى کۆکردنەوەى زیاتر لە سێ ترلیۆن دینارە بۆ تەواوکردنى مووچە، گوتەبێژى حکومەتیش دەڵێت، پابەندن بە دابینکردنى مووچە و لە ڕێگەى قەرزى ناوخۆییەوە هەوڵى گرەنتیکردنى دەدەن.
ماوەى پێنج مانگە عێراق دەست و پەنجە لەگەڵ قەیرانێکى قووڵى دارایی نەرم دەکات کە لە دەرئەنجامى جەنگى ئەمریکا و ئێران و داخستنى گەرووى هوورمز دووچارى هاتووە و شادەمارى داهاتەکەى لە وشکبوون نزیکبووەتەوە.
بە گوێرەى ئامارەکانى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بە هەردوو مانگى ئایار و حوزەیران، زیاتر لە 32 ملیۆن و 114 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و کۆى داهاتەکەى دوو ملیار و 335 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە مانگى کانوونى دووەم و بەر لە داخستنى گەرووى هوورمز، 107 ملیۆن و 616 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە و تێکڕاى داهاتەکەشى شەش ملیار و 485 ملیۆن دۆلار بووە.
کەمبوونەوەى داهاتى نەوت، کاریگەریی تەواوەتیی لەسەر دابینکردنى مووچەى ئەم مانگە دروستکردووە و وەزارەتى دارایی نەختینەى پێویستى لەبەردەست نییە. حەیدەر مەتەیرى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ فالح سارى وەزیرى دارایی ئاماژەى بەوەکردووە، فالح سارى لەبارەى هۆکارى دواکەوتنى مووچە گوتوویەتیی، دووچارى کورتهێنانێکى ڕاستەقینە بوونەتەوە و مانگانە بۆ مووچەى (فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتى) پێویستیان بە حەوت ترلیۆن و 800 ملیار دینارە.
کاریگەریی قەیرانى دارایی، خەریکە دامەزراوەکانى عێراق بەرەو پەککەوتن دەبات، وەک عەبد حسێن موسەوى، وەزیرى تەندروستیی عێراق، دەڵێت، حکومەت لە یەکى مانگ بۆ 29ـى مانگ لە خەمى دابینکردنى مووچەدایە، ئەوەى لە داهاتى نەوت دەستى دەکەوێت بەشى مووچە ناکات.
بە گوتەى موسەوى، بەهۆى قەیرانى داراییەوە ناتوانن گرێبەستى نوێ بۆ دابینکردنى دەرمان بکەن و ژێرخانى نەخۆشخانەکان هیلاکن.
بەڵام، حەیدەر عەبوودى گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە دوایین لێدوانیدا لەبارەى قەیرانى دارایی دووپاتیکردەوە، حکومەت پابەندە بە دابینکردنى مووچە، هەوڵى گرەنتیکردنى دەدات لە ڕێگەى قەرزى ناوخۆییەوە.
گوتیشى، ئەگەر قەیرانى گەرووى هوورمز بەردەوام بێت پەنا دەبەنە بەر قەرزى دەرەکى.
هەروەها حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانیی نەسر، لە گفتوگۆیەکدا لە ئەنجوومەنى دیالۆگى بەغداد گوتى، لە پێنج مانگى ڕابردوودا هەناردەى نەوتى عێراق 12%ـى تێکڕاى ئاسایی تێنەپەڕاندووە و عێراق بەر لە داخستنى گەرووى هوورمز لە قەیرانى داراییدا بووە، بەگوتەى عەبادى عێراق پێویستى بە چاکسازى بە پەلە هەیە و دەبێت هەرچى زووە خەرجییە ناپێویستەکانى کەمبکاتەوە.

