ئەمریکا سزای بەسەر کەرتی ئاسمانی ئێراندا سەپاند

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فڕۆکەحانەى میهرئاباد لە تاران
فڕۆکەحانەى میهرئاباد لە تاران

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی جیهانی پەیوەست بە هێڵی ئاسمانی "ماهان"ـی ئێراندا سەپاند.

سزاکان بۆسەر چین و ڕووسیا و هیندستانە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد، "سزا نوێیەکان بۆ سەر کەسایەتییەک و پێنج دامەزراوەی سەر بە وڵاتانی چین و ڕووسیا و هیندستان بووە".

هاوکاری لۆجستى و دارایی و بازرگانى

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت "ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە خزمەتگوزاری لۆجستی و دارایی و بازرگانییان پێشکەش بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ماهانی ئێرانی کردووە".

هێڵى ئاسمانى ماهان چى کردووە؟

بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هێڵی ئاسمانی ماهان ڕۆڵی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و گواستنەوەی ئەندامەکانی و ئاسانکاری بۆ ڕاهێنانی سەربازی و گواستنەوەی چەک و سیستەمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەو یەکە سەربازییە هەبووە.

بلۆککردنى سەرمایە و موڵکەکانى دامەزراوەکان

سزاکانی ئەمریکا خۆیان لە بلۆککردنی سەرجەم سەرمایە و موڵکەکانی ئەم دامەزراوانە لە ناو خاکی ئەمریکا و قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبینێتەوە.

هێڵی ئاسمانی ماهانی ئێرانی زیاتر لە 30 ساڵە دامەزراوە، یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئێران و بنکەی سەرەکی لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی ئیمام خومەینییە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا