ڕاوێژکارى ئاساییشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ نێردەى ناتۆ کۆبووەوە
پووختەی هەواڵ
- کردنەوەی نووسینگەی ناتۆ لە بەغداد
- هەوڵدانی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان
- قسەکردن لە بارەی هاوکارەکانی ناتۆ بۆ عێراق
قاسم عەبودى، ڕاوێژکارى ئاساییشى نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانى ناتۆ ڕێککەوتین، کە نووسینگەى نێردەى هاوپەیمانێتییەکە لە بەغدادى پایتەخت بکرێتەوە، ڕاشیگەیاند، هاوڕابووین لەسەر ئەوەى هەوڵەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ کەمکردنەوەى گرژییەکانى ناوچەکە.
کۆبوونەوە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆڵەوە
نووسینگەى ڕۆژنامەوانى ڕاوێژکارى ئاساییشى نیشتمانیی عێراق، بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـى ئابى 2026، قاسم عەبودى، لە ڕێگەى ڤیدیۆ کۆڵ، لەگەڵ فەریق ڕاموون ئەرمادا، نێردەى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەسى ناسراو بە ناتۆ، کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخى ناوچەکە و کەمکردنەوەى گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ئەو ئاڵنگاریی و قەیرانە ئەمنییانەى لە ناوچەکە دروستبوون تاوتوێکردووە.
ڕاهێنان و ڕاوێژکاری بە هێزە عێراقییەکان
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکارییەکانى هاوپەیمانى ناتۆ بۆ هێزە چەکدارەکانى عێراق، لە بوارەکانى ڕاوێژکاریی و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕى زانیاریی و پسپۆڕییەکان قسەى لەبارەوە کراوە.
هاوکات بە گوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لەو پەیوەندییە ڤیدیۆییەدا، گفتوگۆ لە بارەى کردنەوەى نووسینگەى نێردەى هاوپەیمانى ناتۆ لە بەغداد کراوە و ڕێککەوتون کە بەمنزیکانە نووسینگەکە بکرێتەوە.
ڕۆڵی ناتۆ لە عێراق
قاسم عەبودى، جەختیکردووەتەوە لە ڕۆڵى ناتۆ لە عێراق لە بوارەکانى ڕاوێژکارى و ڕاهێنان و توانا سەربازیی و ئاسایشییەکان، هەروەها لە بوارەکانى ئاسایشیی سەیبەرانى و ژیریی دەستکرد، سەربارى هەموو ئەو هاوکارییانەش، بونیادنانى هاوبەشییەکى ستراتیژیی لەگەڵ وڵاتانى ئەندام لە ناتۆ.
سیاسەتی زەیدی
ڕوونیشیکردەوە، سیاسەتى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، کرانەوەیە بە ڕوویى هەموو وڵاتانى دۆست و برا، کە لە بوارەکانى گەشەپێدان و وەبەرهێنان و هاریکاریی ئەو ڕێکارانەى پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو لایەکدا بەهێز دەکات لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکان.
ئامانجی نێردەی ناتۆ لە عێراق
لایخۆیەوە، فەریق ئەرمادا، دوپاتیکردەوە، ئامانجى نێردەى ناتۆ، ڕاوێژکارى و ڕاهێنانى جەنگ و شەڕکردنە لەگەڵ پەرەپێدانى توانا سەربازییەکانى عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەگەرەکانى ئاڵنگارى، ئاماژەى بەوەشکرد، هاوپەیمانى ناتۆ، پابەندە بە هاوکاریکردنى عێراق بە گوێرەى ئەولەویەتەکانى حکومەتى عێراقییەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/220683
https://channel8.com/kurdish/news/190541
2 کاتژمێر پێش ئێستا