وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2027ـى عێراق دەکات
پووختەی هەواڵ
- هەرێمى کوردستان داواى مووچە و خەرجى بەکارخستن و وەبەرهێنان دەکات
- لە وەزارەتى دارایى کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستى باڵا بەڕێوەچوو
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی گەیشتووەتە کەناڵ8 هەرێمى کوردستان بە فەرمی دەستى بە ئامادەکارییەکانى بۆ بودجەى 2027ـى عێراق کرد و داواى مووچە، خەرجى بەکارخستن و وەبەرهێنان دەکات.
کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندارەکان
بۆ ئەم مەبەست لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیرانى کاربەرێکەر ڕۆژی یەکشەممە بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئامادەبوونی هەریەکە لە دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، کەمال محەممەد وەزیری کارەبا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەچوو.
- گفتوگۆکردن لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
- پشتبەستن بە داتاکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان
- کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت
- خەمڵاندن بۆ بودجەی پێویست بۆ مووچە و خەرجی بەکار بردن
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ كرا لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و دوایین داتاکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، ئەوەش بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى وەزارەتى دارایى.
کۆبوونەوە لەگەڵ لایەن پەیوەندارەکان
بڕیاردرا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان بکرێت، بەگوتەى وەزارەتى دارایى ئەوەش بۆ ئەوەیە "تاكو بتوانرێت خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لە بودجەی عێراق جێ بکرێتەوە".
ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی
وەزارەتی دارایی ئاماژەى بەوەکردووە، چەند مانگێکە دەستی بە ئامادەکاریی کردووە بەمەبەستی خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە، خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان، لەگەڵ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست و گەڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی داراییەوە بۆیان خەرجنەکراوە.
کۆتایى مانگى ڕابردوو ئامانج ڕەحیم سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێریی دانیشتووان دەبێت هەرێمی کوردستان 14%ـی بودجەى بۆ دیاریبکرێت.
ئامانج ڕەحیم گوتیشى "دەبێت خەرجیی سیادی و حاکیمە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و هەرێمی کوردستان بەشی خۆی لە بودجەی بەکاربردن، وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاکان پێبدرێت".
لە ساڵى 2014ـەوە حکومەتى فیدراڵ، بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانى بڕیوە، هەرچەندە ساڵانى دواتر بەشە بودجە لە یاساکەدا دیاریکراوە، بەڵام لەو کاتەوە بەشە بودجە خەرجنەکراوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
56 خولەک پێش ئێستا