
سەردارى حاجى عەلى، خاوەنى کۆمپانیاى فۆکەس گرووپ، کە لە بوارى بەرهەمە نەوتییەکان کاردەکات و زۆرینەى بەنزینى سلێمانى دابین دەکات ڕایگەیاند، دوو مانگى دیکە قەیرانى بەنزین چارەسەر دەکرێت.
سەرداى حاجى عەلى، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، قەیرانى بەنزینى وەک قەیرانێکى جیهانى ناوبردووە و بە گوتەى ئەو هەموو دەوڵەتانى ناوچەکە گرفتیان لە دابینکردنى بەنزین هەیە.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێشتر بۆیە قەیرانى بەنزین نەبوو، لەبەرئەوەى بەشێوەى قاچاغ چەندین تەنکەر بەنزین دەهاتە ناو پارێزگاى سلێمانى، بەڵام ئێستا ڕێگە بەوەنادرێت چونکە بەغدادیش خۆى کێشەى کەمى بەنزینى هەیە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا بەرهەمى بەنزین سێ ملیۆن و 200 هەزار لیترە، بەکارهێنانیش سەروو حەوت ملیۆن لیترە، ئەمە کێشەى گەورەى دروستکردووە، بەتایبەتى لەم وەرزى هاوینەدا کە گەشتیارێکى زۆر ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و بارگرانییان لەسەر بەکارهێنانى بەنزین دروستکردووە.
خاوەنى کۆمپانیاى فۆکەس گرووپ، وەک مژدانە بە شۆفێرانى گوت "تەنیا ماوەى دوو مانگى دیکە چاوەڕێ بکەن قەیرانى بەنزین ناهێڵن و بەشێکى دیکە لە پاڵاوگەى عەربەت دەکەنەوە، کە بڕى بەرهەمهێنانى بەنزین زیاد دەکات و لەگەڵیشیدا کوالێتى بەنزین لە نۆرماڵەوە بۆ موحەسەن بەرزدەکەنەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/222318
https://channel8.com/kurdish/news/222183
https://channel8.com/kurdish/news/153025