
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات، وەزیری کارەبای عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکیی عێراقی کردووە، داوای وردبینی و پێداچوونەوەی ئاشکراکردنی سامانی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پێشووی وەزارەتەکەی لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو 2026 دەکات.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق ، عەلی سەعدی، وەزیری کارەبای عێراق، داوای لە دەستەی دەستپاکیی عێراق کردووە، وردبینی لە سامانی وەزیر، بریکار، بەڕێوەبەرە گشتی و پلە تایبەتەکان بکات، کە پۆستیان لە وەزارەتی کارەبادا وەرگرتووە، ئەوەش بەگوێرەی حوکمەکانى ماددەی 10ـی ڕێنماییەکان لە ئاشکراکردنی موڵک و سامان بە ژمارە 2ـی ساڵی 2017ـە.
وەزارەتی کارەبا لە نووسراوەکەدا کە ئەمڕۆ 5ـی ئاب دەرچووە، ناوی تەواوی سەرجەم ئەو بەرپرسانەی بۆ دەستەی دەستپاکی هاوپیچ کردووە کە لەساڵی 2005ـەوە تاوەکو 2026 لەو وەزارەتە پۆستیان هەبووە.
وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندووە، ئەم هەنگاوەیان بۆ جەختکردنەوەی بنەماکانی شەفافییەت و دەستپاکییە، هەروەها پەرۆشییان بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و بەرپرسیارێتی وەزارەتەکەیان لە هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی و هەماهەنگی هاوبەشیان.
ئەو نووسراوەی وەزیری کارەبا بۆ دەستەی دەستپاکی لەکاتێکدایە پێشتر ئەو وەزیرە بانگێشتی دوو دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و خۆیشی داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە ئاماری ساڵانی ڕابردووی وەزارەتەکەی.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/222301
https://channel8.com/kurdish/news/220463
https://channel8.com/kurdish/news/213920






