عێراق: بەهۆی سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکانی ژینگە لێکۆڵینەوە لە 433 پڕۆژە کراوە

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

 پووختەی هەواڵ

  • لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ لێکۆڵینەوە لە سەدان پرۆژە کراوە
  •  45 کەس بەتۆمەتی سەرپێچیکردنی ڕێنماییە ژینگەییەکان دەستگیرکراون
  • ئامانجی لێکۆڵینەوەکان ڕێگریکردن لە پیسکردنی کەشوهەوا
  • ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن لەو بوونەوەرانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لێکۆڵینەوە لە سەدان پڕۆژە کراوە، بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و 45 کەسیشیان بەتۆمەتی سەرپێچیکردنی ڕێنماییە ژینگەییەکان دەستگیرکردووە.


لێکۆڵینەوەکانی نیوەی یەکەمی 2026


محەممەد عەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە نیوەی یەکەمی 2026، لێکۆڵینەوەیان لە 433 پڕۆژە کردووە، کە سەرپێچی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەیان کردووە.

دەشڵێت، ئامانجیان لەو لێکۆڵینەوانە، ڕێگەگرتنە لە پیسکردنی کەشوهەوا، ئاو و زەوی و بازرگانیکردن بەو بوونەوەرانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 45 کەسیان بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی ڕێنمایی و ڕێکارەکانی ژینگە دەستگیرکردووە.
 

لێدوانی گووتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق

  • دۆسیەی تۆمەتبارەکان ڕەوانەی دادگا کراوە
  •  لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە
  •  دادگا سزای گونجاویان بۆ دیاری دەکات


محەممەد عەلی حەسوون ئاشکرای دەکات، دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانەیان ڕەوانەی دادگا کردووە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە، تاوەکو سزای گونجاویان بۆ دیاری بکرێت.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ لەکاتێکدایە، عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە، کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبارانى، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو و دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/220232

https://channel8.com/kurdish/news/222716

https://channel8.com/kurdish/news/216035

https://channel8.com/kurdish/news/199078

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا