
ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز گۆڕیوە و ڕوونیکردووەتەوە کە ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ عوممان بەتەنیا مانای ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی گەرووەکە ناگرێتەوە، بەڵکو مەرجی دیکەیان هەیە کە پەیوەستە بە دانوستانی فراوانتر لەگەڵ ئەمریکا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرایکرد تاران و مەسقەت زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن لەسەر ڕێڕەوێکی نوێی هوورمز، بەڵام کردنەوەی گەرووەکە پەیوەستە بە چەند مەرجێکی دیکە، لەوانە قەرەبووکردنەوەی ئێران لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەمریکا، وەک چۆن لە لێکتێگەشتنەکەی ئیسلامئاباد هاتووە. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئێران، ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو تەنیا خۆی لە کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت دەبینێت، نەوەک گەڕانەوەی تەواوی جوڵە بۆ گەرووەکە.
پێش لێدوانی عێراقچی، سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو کردنەوەی گەرووی هوورمز بە مەرجی قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە. حسێن موحیبی، گوتەبێژی پاسداران، لە پارێزگای هورمزگان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی دووبارەکردنەوەی گەرووی هوورمز وابەستەی شێواز و مەرجەکانی ئێرانە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتن لەگەڵ عوممانەوە نییە. لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی باسی لە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عوممان کردووە و پێشبینی کردووە بەم نزیکانە ڕێککەوتنێک بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ بەربەست بەدەست بێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/214862
https://channel8.com/kurdish/news/218894