بەگوێرەی ڤیدیۆیەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، هاوڵاتییەکی بەتەمەنی کورد لە نزیک نەخۆشخانەی کەرامەی فێرکاری لە بەغداد گیانی لەدەستداوە و تەندروستیی کەرخیش ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو پیاوە لەنێو ماڵی خۆیدا و دوای وەرگرتنی چارەسەر گیانی سپاردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا تەرمی هاوڵاتییەکە لەسەر شۆستەیەکی نزیک لە نەخۆشخانەی کەرامە لە بەغداد دەردەکەوێت. ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە دەڵێت، نەخۆشخانەکە بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە ئامادە نەبووە هاوڵاتییەکە وەربگرێت و لە بەیانییەوە تاوەکو شەو لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکەدا بەجێهێڵدراوە، دواتریش بەهۆی وەرنەگرتنی چارەسەرەوە گیانی لەدەستداوە و خەڵکی ناوچەکەش وەک شاهیدحاڵ قسە دەکەن.
فەرمانگەی تەندروستیی کەرخ داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن و زانیاریی بێ بنەما بڵاونەکەنەوە. فەرمانگەکە جەختدەکاتەوە کە گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتییە پەیوەندی بە پشتگوێخستنی نەخۆشخانەکەوە نییە و پڕۆسەی چارەسەرکردنی بەپێی یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان بۆ ئەنجامدراوە و دواتر ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
فەرمانگەی تەندروستیی بەغداد-کەرخ بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە ئەو هاوڵاتییە کوردە لەبەردەم نەخۆشخانەی کەرامەی فێرکاری گیانی لەدەستدابێت. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەکە، هاوڵاتییەکە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرتووە، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و لەوێ گیانی لەدەستداوە. ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە نەخۆشخانەکە بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە نەخۆشەکەی وەرنەگرتووە و تەرمەکەی لەسەر شۆستەی بەردەم نەخۆشخانەکە بەجێهێڵدراوە، بەڵام تەندروستیی کەرخ دەڵێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان ڤیدیۆی ناو نەخۆشخانەکە بڵاودەکەنەوە.
وەزارەتی تەندروستی: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمانی شەهیدبوونی غەزال مەولان دەگرینەبەر
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاوی قەدەغە کرد