
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخەن دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار؛ بە جۆرێک تەنیا لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار کورتهێنان تۆمارکراوە و داخستنی گەرووی هورمزیش هەناردەی نەوتی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە بۆ ماوەی دوو هەفتە.
کۆی گشتیی داهاتی عێراق لە شەش مانگی یەکەمدا 35.9 تریلیۆن دینار بووە، کە 80%ـی لە نەوت و 20%ـی لە سەرچاوە نانەوتییەکانەوە بووە. لە بەرامبەردا، خەرجییەکان گەیشتوونەتە 57.1 تریلیۆن دینار، کە 54.6 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە و خەرجیی ڕۆژانە ڕۆیشتووە و تەنیا 2.5 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەمەش کورتهێنانێکی گشتی بە بڕی 21.2 تریلیۆن دینار دروست کردووە کە دەکاتە 37%ـی کۆی خەرجییەکان.
لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، حکومەتی فیدراڵ بڕی 6.2 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 573 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی فیدراڵی بە نەختینە خستووەتە سەر هەژماری بانکیی عێراق.
بەهۆی پاشەکشەی فرۆشتنی نەوتەوە، پشکی داهاتی نانەوتی لە 12%ـەوە بۆ 20% بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای زیادبوونی داهاتی نانەوتی نایەت، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە کە پێشتر 88%ـی بودجەی پێکدەهێنا. ئەم ناسەقامگیرییە داراییە وایکردووە عێراق نەتوانێت لە وادەی دیاریکراودا شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دابین بکات.
ڕاوێژکاری زەیدی: کورتهێنانی دارایی عێراق دەگاتە 80 تریلیۆن دینار
دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و داهاتەکەیان دابەش دەکرێت
داهاتی گومرگی عێراق ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات
بودجەی 2027ی عێراق؛ کورتهێنانێکی 100 تریلیۆن دیناری و مەترسییەکانی سەر نەوت

