دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و داهاتەکەیان دابەش دەکرێت

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل
دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل

پووختەی هەواڵەکە:

  • پڕۆژەی بەستنەوە و بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە 1ی ئۆکتۆبەر دەستپێدەکات.
  • بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، 50%ی داهاتی گومرگی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.
  • سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری حکومەتی فیدراڵ دادەخرێن.
  • لە مانگی ئەیلوولەوە باج و ڕەسمی گومرگی پێشوەختە لە حەواڵە داراییە دەرەکییەکان دەبڕدرێت.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە نیشانی دەدات لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ژێر چاودێریی وردی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" و داهاتەکەیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغداد دابەش دەکرێت. ئەم هەنگاوە کە داخستنی دەروازە نافەرمییەکانیشی لەگەڵدایە، کۆتایی بە شێوازی کۆنی کۆکردنەوەی داهات دەهێنێت و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە جوڵەی بازرگانی و دارایی نێوان ناوەند و هەرێم دروست دەکرێت.


سامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ڕایگەیاند:

  • پڕۆژەی بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی دەروازەکانی هەرێم بە بەغداد لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
  • کۆنووسێک بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان واژۆکراوە.
  • بە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"، 50%ی داهاتی گومرگی هەرێم دەخرێتە سەر خەزێنەی دەوڵەتی فیدراڵ.
  • نەخشەڕێگاکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و تا کۆتایی ساڵ هەموو دەروازەکان دەگرێتەوە.

ڕێکارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ حەواڵە:

لە لایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریداوە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە باج و ڕەسمی گومرگی بە شێوەی پێشوەختە لە حەواڵە داراییە دەرەکییەکان ببڕدرێت. ئەم بڕیارە کە لە ڕێگەی حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گشتاندنی بۆ کراوە، ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و ڕێگریکردنە لە بەهەدەردانی سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ گەرەنتیی بەکارهێنانی باشتر و کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی دراو لە دەروازەکاندا.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا ڕێککەوتوون داهاتەکان بەڕێژەی50 % دابەش بکەن

عەلی زەیدی: ڕێکاری توند دژی گەندەڵیی دەروازە سنوورییەکان دەگرێتەبەر

کەناڵ8 ڕاسپاردەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە

دەستەی گومرگ: هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا