قالیباف لە عێراقەوە بە وێنەیەک پەیامی سیاسی دەنێرێت

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • وێنەکەی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردووەتەوە
  • دانیشتن لەسەر کورسییەکی لێوار زێڕین
  • لەسەر نەخشەکەی پشتییەوە نوسراوە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی فارس

لە کاتێکدا لە بەغدا بوو، محەممەد باقر قالیباف، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لە پشتییەوە گەرووی هوورمز، کەنداوی عەرەب و دەریای عوممان دەردەکەون و وادەردەکەوێت لە ڕێگەیەوە کۆمەڵێک پەیامی سیاسیی و ئەمنیی ناردووە.


قالیباف، کە ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە بەغداد، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە.

لە وێنەکەدا لەسەر کورسییەکی کلاسیکی لێوار زێڕین دانیشتووە و چاکەتێکی ڕەش و کراسێکى شینی لەبەردایە، کە ئاماژەیە بە کەسایەتییەکی سیاسی، فەرمی، کلاسیکی و دەسەڵاتدار.

لە پشتی قالیبافەوە نەخشەیەک هەڵواسراوە، لەسەرى نووسراوە کەنداوی عەرەبی، کەنداوی فارس و لە لاکەی دیکەی نەخشەکە کەنداوی عوممان دەرکەوتووە.

پەیامی وێنەکە لەسەر گەرووی هورمز

  • قالیباف سەری بە تەواوی لەسەر گەرووی هورمز داناوە
  • ئەو گەرووە دەریاییەی کە نزیکەی شەش مانگە جیهانی بێ وزە کردووە
  • قالیباف چەند جارێک کردنەوەی گەرووی هورمزی بەستووەتەوە بە لابردنی گەمارۆکان و ئاگربەستی گشتگیر



سەری قالیباف بە تەواوی کەوتووەتە سەر گەرووی هوورمز؛ ئەو گەرووەی نزیکەی شەش مانگە، جیهانی بەبێ وزە کردووە و بەهۆی داخستنییەوە، ئابووریی جیهانی هەناسەسوار کردووە و قالیبافیش چەند جارێکى گوتویەتى بەبێ لابردنى گەمارۆکان، ئازادکردنى پارە بلۆککراوەکان و ئاگربەستى گشتگیر و جێبەجێکردنى یاداشتەکە، گەرووەکە ناکرێتەوە.

گەیاندنی پەیام بە وێنە

سەری قالیباف ئاوەکانی عوممانی لە کەنداوی عەرەبی دابڕیوە و بە تەواوی کەوتووەتە سەر گەرووی هوورمز، ئەوەش ئاماژەیە بەو پەیامەی قالیباف، کە کۆنترۆڵی گەرووەکە لەژێر دەستی وڵاتەکەدایە و تەنیا بە لێکردنەوەی سەری ئێران، ئەو گەرووە لەژێر دەستی تاران دەردەچێت. هەر بۆیە سەریان لەپێناو ئەو گەرووەدا دادەنێن.

لەگەڵ ئەوەی قالیباف خەندەیەکی شاراوە و بزەیەک لەسەر لێویەتی، بەڵام بەکارهێنانی چاویلکە پزیشکییەکەی، وای کردووە جددیەتی خۆی بپارێزێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە قالیباف لە عێراقەوە وێنەکەی داناوە



ئەوەی زۆر مایەی سەرنجە، قالیباف لە عێراقەوە وێنەکەی داناوە و لەسەر نەخشەکە کەنداوی عەرەب بە کەنداوی فارس نووسراوە، لە کاتێکدا ئەو کەنداوە لای عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، کەنداوی عەرەبە.

بۆ ئەوەی پەیامەکە بۆ ئەمریکا و جیهان بێت، بە ئینگلیزش نووسراوە کەنداوی فارس.

قالیباف لەو سەرکردانەی ئێرانە، کە زۆر جار بە ژمارە، خوازە، سیمبول، وێنە و گوزارشتی ناڕاستەوخۆ پەیامە سیاسییەکانی دەگەیێنێت.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەغداد کۆبوونەوە

قالیباف لە بەغداد: خوێنی ئێران و عێراق پێکەوە تێکەڵ بووە

ئێران: تاوەکو گەمارۆکان هەڵنەگیرێن گەرووی هوورمز ناکرێتەوە

ئێران هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات

ئیمارات سەرجەم چالاکییە بازرگانیی و داراییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا