
بەگوێرەی زانیاری کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، لەسەر گرژییەکانی شەوی ڕابردووی گوندی گردەڕەشەی سنووری شارۆچکەی خەبات، پۆلیسی هەولێر ژمارەیەک گەنجی دەستگیرکردووە و وەلید هەرکی، گوتەبێژی هەرکییەکان ڕایگەیاند پێنج کەس لە دەستگیرکراوەکان سێ برا و ئامۆزا و برازایەکی خورشید هەرکین.
وەلید هەرکی، گوتەبێژی هەرکییەکان ڕایگەیاند ئەو پێنج کەسەی دەستگیرکراون سییان برای خورشید هەرکین بە ناوەکانی هاروون، ڕەشید و محەممەد، لەگەڵ جەسامی ئامۆزای و مەحموودی برازای، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی خورشید هەرکی جێگیرکراون و دەستیان بەسەردا گرتووە و ژن و منداڵی خورشید ماڵەکەیان چۆڵکردووە و لە گوندەکە نەماون، جەختیشی کردەوە ئەو پێنج کەسە بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکان بانگێشتی وەزارەتی ناوخۆ کراون بەڵام لەوێ دەستگیرکراون و هیچ گرژییەک لەناو گوندەکە ڕووی نەداوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو دیمەنی گردبوونەوەی گەنجانی هەرکی لە گوندی گردەڕەشە بڵاوبووەوە کە بە چەکی جۆراجۆر ڕێگای گوندەکەیان گرتووە و تەقە بە ئاسماندا دەکەن و داوای ئازادکردنی خورشید هەرکی و حەیدەری براکەیان دەکەن، دوابەدوای ئەوە هێزێکی زۆری زێرەڤانی و ئاسایش بە چەکی سووک و مامناوەند ڕەوانەی گوندەکە و دەوروبەری ماڵی خورشید هەرکی کران و چەندین بازگەیان لەسەر ڕێگای گوندەکە دانا، ئەم گردبوونەوەیەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژێک پێشتر براکانی لە زیندان سەردانی خورشید و حەیدەریان کردبوو و پێیان گوترابوو بەنیازن لە ڕێگەی دادگاوە سزایان بەسەردا بسەپێنن و داوایان لێکرابوو بۆ ڕێگری لەوە کارێک بڵێن.
کێشەی خورشید هەرکی سەریهەڵدایەوە و هێزێکی زۆر جێگیرکرا
خورشید هەرکی؛ 7 تۆمەتی قورس ئاڕاستەی کراون و مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە
لە 'هەوڵی تیرۆر'ەوە بۆ 'زیندان'؛ خورشید هەرکی پێشتر لە کەناڵ8وە چ پەیامێکی ئاراستەی پارتی کردبوو؟
