
پاش سێ هەفتە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتانە لە تورکیا کۆبوونەوە، کە ڕێککەوتنەکەیان واژۆکردووە.
لە شاری ئیستانبوڵ، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگریی بەڕێوەچوو، کە لیژنەی باڵای ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە بەشدار بوون، کە تورکیا، سعودیە و پاکستانن.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە شاندی تورکیا کە پێکهاتبوو لە ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یاشار گویلەر، وەزیری بەرگری، سەلچووک بایراکتارئۆغلو، سەرۆکی ئەرکان. شاندی پاکستانیش بریتی بوون لە محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە، محەمەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی و عاسم مونیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا. فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوە، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی و فەییاز بن حامد ئەلڕوەیلی، سەرۆکی ئەرکانیش، ئەندامانی شاندی سعودیە بوون.
بەگوێرەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە، باس لە بابەتەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بابەتەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی، ھاندانی زیادکردنی ھاوکاریی و توانای پێکەوە کارکردن لەنێوان ھێزە چەکدارەکانی هەر سێ وڵات کراوە.
هاوکات گفتوگۆ لەبارەی قووڵکردنەوەی ھاوکاری لە بواری پیشەسازیی بەرگری، بەرھەمھێنانی ھاوبەش، توێژینەوە، گەشەپێدان و بەھێزکردنی ھەوڵە ھاوبەشەکان لە دژی تیرۆر کراوە.
وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتننامەی مەککە لەسەر ئاستی باڵا لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە
ئەردۆغان: ڕەنگە میسریش ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتننامەى مەککە