حکومەتی هەرێم فەرمانی داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی (فۆڕێکس)ـى دەرکرد
پووختەى هەواڵەکە
- حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان فەرمانی داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی (فۆڕێکس)ـى دەرکرد.
- حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوان بۆ بنبڕکردنی بازرگانیی نایاسایی بە دراو دەست پێ دەکات.
- حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـى ئەیلوولى 2026، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە گشتاندنێکی فەرمیدا وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) دابخات و پێداگری لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی بڕیارەکە:
- پابەندبوون بە بڕیارەکانی بەغداد: ڕێکارەکان لەسەر بنەمای ڕێنماییە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دانراون.
- هەر جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆڕمەکانی فۆڕێکس بە نایاسایی هەژمار کراوە.
- داخستنی دەستبەجێ: وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، ڕاسپێردراوە سەرجەم ئەو شوێن و ناوەندانە دابخات کە بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
- ڕێگری لە خۆدزینەوە: بڕیارەکە هەموو ئەو کۆمپانیا و گرووپانەش دەگرێتەوە کە لەژێر ناوی جیاواز، فێڵ و ناونیشانی بازرگانیی دیکەدا هەمان چالاکی بەڕێوە دەبەن.
ئەم هەنگاوە نوێیەی حکومەت لە پێناو پاراستنی ئاسایشی دارایی هاونیشتمانییان، ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی سەرمایە و بەرگرتنە لەو فێڵ و زیانە داراییانەی بەهۆی مامەڵە نادڵنیاکانی ئەم بوارە ڕووبەڕووی هاونیشتمانییان دەبنەوە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی فۆڕێکسی داخست
لەهەرێمى کوردستان 77 کۆمپانیاى بازاڕە داراییەکان کاردەکەن؛ "90%ـی بەشداربووانیش زیان دەکەن"
بۆچی حکومەتی هەرێم مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکانی بە "نایاسایی" ناساند؟
وەزارەتی ناوخۆ: هیچ کۆمپانیایەکی دراوە ئەلیکترۆنییەکان مۆڵەتیان نییە؛ "لێیان دووربکەنەوە"
2 کاتژمێر پێش ئێستا