
سەرۆکى دەستەى دەستپاکى و سەرۆکى ڕێکخراوى پۆلیسى ئینتەرپوڵ کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى داواى کردووە پۆلیسى ئینتەرپول هاوکارییان بکات لە گەڕاندنەوەى تاوانباران بە گەندەڵى.
محەممەد عەلى لامى، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى، لە پەراوێزى سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ فەڕەنسا لەگەڵ لۆکاس فلیپ، سەرۆکى ڕێکخراوى پۆلیسى ئینتەرپوڵ کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەى هاوکاریى نێوان عێراق و پۆلیسى ئینتەرپوڵ کراوە، بەتایبەت لە بوارى داواکراوانى گەندەڵى و ئاڵوگۆڕى زانیاری لەو بارەیەوە.
محەممە عەلی لامى لە کۆبوونەوەکە گوتویەتى، پێویستە ڕێگە نەدرێت تۆمەتبارانى گەندەڵیى وڵاتانى دیکە وەک پەناگە بەکار بهێنن، سنوورێک بۆ تاوانى گەندەڵى دابنرێت و ڕێگە لە بردنى سامانى گشتى بۆ دەرەوە لەلایەن تاوانکاران بگیرێت و تاکە رێگەچارەش، بوونى هەماهەنگیى نێودەوڵەتییە لەو بارەیەوە.
محەممەد عەلی لامى جەختدەکاتەوە، هەڵمەتەکانى گەندەڵى لە عێراق چڕتردەکرێنەوە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە تووندتر دەکرێن، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ چوونەدەرەوەى هەندێک لە تۆمەتباران بۆ دەرەوە.
محەممە لامى ئاماژە بۆئەوەدەکات، لەگەڵ ڕادەستکردن و گەڕاندنەوەى تاوانبارانى گەندەڵى، پێویستە سامانەکەشیان بگەڕێنرێتەوە.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى کۆبوونەوەکە، سەرۆکى ڕێکخراوى ئینتەرپوڵ و سەرۆکى دەستەى دەستپاکى، پێکەوە بڕیاریان لە چەند ڕێکارێک داوە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕى زانیاری و کارکردنى پێکەوەیی لە داهاتوودا.
عێراق داوای لە ئینتەرپوڵ کرد نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" دەستگیر بکات
دەستپاکی عێراق: لە پرسی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتبارانی هەڵاتوو سوپرایزی گەورە هەیە