سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دیمانەیەکی تایبەتی کەناڵ8 دا گوتی، گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەکان هەنگاوی باشی بڕیوە و دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ـی ئەیلوول، هیچ بیانوویەک بۆ هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەو گرووپانەوە نامێنێتەوە.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی عێراق و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ هێنانی سیستمی بەرگری و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێککەوتن کراوە بۆ کڕینی سیستمی ئەمریکی، تورکی و کۆری کە بەمنزیکانە دەگەنە عێراق و بەپێی پلانی وەزارەتی بەرگری دابەش دەکرێن. لەبارەی دۆسیەی پەکەکە و هێزەکانی تورکیا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ڕوونکردنەوەی دا کە بوونی پەکەکە نایاساییە و بەهۆی چەکدانانیانەوە دۆخێکی نوێ هاتووەتە کایەوە، ئێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە دەکەن تاوەکو هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق نەمێنێت، چونکە ڕێگە نادرێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە یان هەڕەشەی لێبکرێت.
پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لە قۆناغێکی پتەودایە و پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە سەروەریی گشتیی عێراق تەماشا دەکرێت؛ هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئەیلوول، حکومەتی فیدراڵ کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرجەم چەکەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکات بە ئامانجی ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و دابینکردنی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بۆ سەرانسەری وڵات.
سەباح نوعمان: 30 ئەیلوول دوواین وادەیە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان
سەباح نوعمان: عێراق بەرگریى ئاسمانى و هەواڵگرییەکانى بەهێزتر دەکات
سەباح نوعمان: پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان پێکەوە کۆمپانیا نەوتییەکان دەپارێزن
