
وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی دۆسیەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی لە قۆناغی داواکارییەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردن گواستووەتەوە و دەقی بڕیارەکەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 چەسپاندووە. ئەم هەنگاوە دوای یەکلابوونەوەی سەرژمێریی کارمەندان و دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی دێت کە کرێکارانی ڕۆژانە و فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی دەگرێتەوە.
لە بەرامبەردا، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دەقە یاساییە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە، بەجۆرێک فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی هەمان بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەبن و مافی بەهەمیشەییکردنیان لە بودجەی 2027دا دەستەبەر دەکرێت.
پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی ئەم بڕگەیەش لە ڕەشنووسی بودجەدا دوای یەکلابوونەوەی توانای دارایی دەوڵەت دێت بۆ گرتنەئەستۆی تێچووەکانی لەسەر میلاکی هەمیشەیی.
وەزارەتی دارایی عێراق: بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 جێگیرکرا