
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە لە پەراوێزی 81ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیداری دووقۆڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دەدات. حکومەتی عێراق کارنامەی ئەم سەردانەی وەک هەوڵێکی تەواو ئابووری پۆلێن کردووە، کە تێیدا خستنەڕووی ڕێگە بەدیلەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت و پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەبنە تەوەرە سەرەکییەکان.
لە ڕەهەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیران بەرنامەیەکی چڕی دیپلۆماسی لە نیویۆرک جێبەجێ دەکات، کە گرنگترینیان کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا؛ هاوکات عەلی زەیدی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی لە لوتکەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ 13 وڵاتی ناوچەکە بە سەرۆکایەتیی ترەمپ بەشدار بووە، بۆ تاوتوێکردنی هاوسەنگییە سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەشداریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 81ـەمین دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی بەغداد بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ئەگەری پچڕانی گەرووی هوورمز؛ بە تایبەت لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و هێڵە وشکانی و بۆرییەکان بەرەو تورکیا و سووریا، تاوەکو ئاسایشی هەناردەی نەوتی عێراق بە جێگیری بمێنێتەوە.
