کەشناسی: بارستە هەوایەکی فێنک ڕوو لە ناوچەکە دەکات
پووختەی هەواڵەکە
- دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی فێنک ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی پلەبەپلە دادەبەزن.
- دابەزینی پلەکانی گەرما بەهۆی بارستە هەوایەکی مامناوەندەوەیە کە لە باشووری ئەورووپاوە دێت و زیاتر لە شەوان و بەرەبەیاندا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت.
- ئەم گۆڕانکارییە کەشوهەوا بەرەو وەرزی پاییز دەبات، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییەوە مابوونەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینی دەکات لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 28ـی ئەیلوولەوە، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی مامناوەند لە باشووری ئەورووپاوە، پلەکانی گەرما لە زۆربەی شارەکانی وڵاتدا دابەزین بەخۆیانەوە ببینن.
وردەکاریی کاریگەریی بارستە هەوا فێنکەکە
- نەخشەکانی کەشوهەوا ئەوە نیشان دەدەن عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارستە هەوایەکی مامناوەندی باشووری ئەورووپا.
- ئەم بارستە هەوایە دەبێتە هۆی هاوسەنگبوونی کەشوهەوا لە ماوەی کاتژمێرەکانی ڕۆژدا و دابەزینی پلەبەپلەی پلەکانی گەرما.
- لە کاتژمێرەکانی شەو و بەرەبەیاندا هەستکردن بە فێنکی ڕوونتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکوور، ڕۆژئاوا و ناوچە بیابانییەکان.
گواستنەوە بەرەو کەشوهەوایەکی پاییزی
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، ئەم گۆڕانکارییەی کەشوهەوا گواستنەوەیەکی پلەبەپلەیە بەرەو کەشێکی پاییزیی فێنکتر، هاوکات دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و شکانی ئەو تینی گەرمایەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بوو.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
ئەم پێشبینییەی دەستەی کەشناسی لە کاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی وەرزی پاییزدا، بەڵام پلەکانی گەرما لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەرزی مابوونەوە و لە کاتەکانی ڕۆژدا لە هەندێک لە ناوچەکان لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییەوە بوو.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
کەشناسیی عێراق پێشبینیی دابەزینی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین دەکات
56 خولەک پێش ئێستا