سەرۆکایەتییەکانی عێراق: تەنیا چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق
کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەوە
  • سەرۆکایەتییەکانی عێراق: پشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەین.
  • چوار سەرۆکایەتییەکە: جەخت لەتەواوکردنی کلبینەی حکومەت دەکەینەوە.

چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە پێویستی دەزانن چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت و بڕیاری جەنگ و ئاشتیش تەنیا لای حکومەت بێت، جەختیش لە پشتیوانی بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تەواوکردنی کابینەی حکومەت دەکەنەوە.


ناوەرۆکی کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق

  • گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتیی وڵات و سەردانەکەی زەیدی بۆ نیویۆرک و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چەند پرسێکی دیکە کراوە.
  • قۆناغی داهاتوو گۆڕانکاریی پەیوەندییەکانی بەغداد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت لە بوارەکانی هاوکاریی ئابووری، بازرگانی و کولتووری.
  • پشتیوانییان لە داواکاریی حکومەتی عێراق کردووە، تاوەکو فڕۆکەخانەی نەجەف بەدەر بکرێت لە ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان.
  • بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەستی دەوڵەتە، پێویستە چەک تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕێکبخرێت.
  • پشتیوانی لە ڕێکارەکانی حکومەت و دادگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی کراوەتەوە.


کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتیی وڵات و سەردانەکەی زەیدی بۆ نیویۆرک و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چەند پرسێکی دیکە کراوە.

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، سەرۆکایەتییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە، قۆناغی داهاتوو گۆڕانکاریی پەیوەندییەکانی بەغداد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت لە بوارەکانی هاوکاریی ئابووری، بازرگانی و کولتووری.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، پشتیوانییان لە داواکاریی حکومەتی عێراق کردووە، تاوەکو فڕۆکەخانەی نەجەف بەدەر بکرێت لە ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان.

چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، جەخت لە پێویستی تەواوکردنی کابینەی حکومەت دەکەنەوە، چونکە بەو هەنگاوە پێگەی حکومەت بەهێزتر دەبێت و دەتوانرێت بەرنامەی حکومەت جێبەجێ بکرێت.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، سەرۆکایەتییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەستی دەوڵەتە، پێویستە چەک تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕێکبخرێت و پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بەگوێرەى دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێت، کە لەگەڵ ئەو وادەیەدا بگونجێت، حکومەت دیاری دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی لە ڕێکارەکانی حکومەت و دادگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی کراوەتەوە، دۆخی دارایی وڵات تاوتوێکراوە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئابووری نیشتمانی.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ:

ئەمڕۆ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە

عێراق خۆى بۆ ئاهەنگى ڕۆژى سەروەرى و کشانەوەى ئەمریکا ئامادە دەکات

هێزەکانی ئەمریکا پاش 12 ساڵ بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە

سەباح نوعمان بۆ کەناڵ8: کشانەوەی هاوپەیمانان لە هەولێر و بەغداد دەستیپێکرد

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا