
لەوبارەیەوە جەبار گۆران گوتەبێژى بازاڕى دراوى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى کەناڵ8 ئامادەى بوو ڕایگەیاند، لێدوانەکان سەبارەت بە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کە 132 هەزار دینارەوە دەکرێتە 150 هەزار دینار، کاردانەوەی نەرێنی دروستکردووە و لە بازاڕدا شڵەژانێکی گەورە ڕوویداوە، لەکاتێکدا ئەو باسە نەبووەتە ڕەشنووس، نەچووەتە بەردەم لیژنەی دارایی.

بەبۆچوونى جەبار گۆران کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار خۆى لە کەمبوونەوەى توانای کڕین، بەرزبوونەوەى هەڵاوسان و دابەزینى ئاستی بژێوی دەبینێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدا بەهۆی سیستمی ئەسیکۆداوە پێناسی گومرگیی زیادکراوە و هەر گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر بازار.
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـدا بەهای دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیرکراوە.
دیلان غەفوور، دەڵێت ئەم زانیارییانەى لە زارى فالح ساری، وەزیرى دارایی فیدڕاڵەوە وەرگرتووە کە یەکشەممەى ڕابردوو سەردانی کردووە و لەسەر ڕەشنووسی بودجە گفتوگۆیان کردووە.
وەزیرى دارایى بە دیلان غەفووریشى گوتووە "بڕیارەکە بەوشێوەیەیە لەمەودوا جیاوازی لەنێوان بەهای فەرمیی دۆلار و بەهاکەی لە بازاڕدا نامێنێت، واتا بەهای بازاڕ و بەهای فەرمیی دۆلار لای حکومەت و بانکی ناوەندی، هەر بە 150 هەزار دینار دەبێت". ئەمە لە کاتێکدایە لە بازاڕى ڕەشدا هەمیشە نرخەکە بەرزتر بووە.
دیلان غەفور بۆ کەناڵ8: بەهای 100 دۆلار لە بودجەی 2027 بە 150 هەزار دینار دیاریکرا
