
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆدەبنەوە.
ترەمپ و ڕووتە دۆخی سیاسی جیهان و شەڕی ئۆکرانیا تاوتوێدەکەن
کۆبوونەوەی نێوان هەریەک لە ترەمپ و مارک ڕووتە لەکاتێکی هەستیاردایە و لە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ دێت لەگەڵ هەریەک لە ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین کە هەفتەی ڕابردوو لە چین بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی بەرپرسانی کۆشکی سپی بێت، ترەمپ و ڕووتە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە لە ویلایەتی فلۆریدا کۆدەبنەوە.
لەماوەی ڕابردوو و لەکاتی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین، ڕووتە ڕایگەیاندبوو کە ئەم کۆبوونەوەیە لەنێوان وڵاتانی ئەتۆمیی زلهێز دیدارێکی ئاساییە.
هەینی ڕابردووش، ترەمپ ئاشكرایکردبوو، پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین و ڕووسیا ئاسایشی وڵاتەکەی بەهێز دەکات، کۆتا سەردانیشی بۆ چین یەکێکبووە لە گرنگترین سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ئاسیا.
کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سکرتێری ناتۆ لەکاتێکدایە، هەوڵێکی چڕ هەیە تاوەکو وڵاتانی ئەورووپا بەشێک بن لە دانووستانەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
سەرەڕای گرژییە بەردەوامەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیدارەی ئەمریکاش لەسەر ڕێککەوتنی سەربازی و سیاسی، بەڵام ڕووتە هەوڵدەدات پاڕێزگاری لە مانەوەی پەیوەندییەکان بکات و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیش بهێنێت.
