
پرۆگرامی خۆراکیی جیهانی هۆشداری دەدات لە خراپبوونی دۆخی برسێتی.
پرۆگرامی خۆراکیی جیهانی دەڵێت، جەنگەکان جووڵەی بازرگانی دەریاییان پەکخستووە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی هۆشداری دەدات لە خراپبوونی دۆخی برسێتی و دەڵێت، پەککەوتنی جووڵەی دەریایی بەهۆی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا تاوەکو نیوەی ساڵی 2027 تێچووی سەر ئاژانسەکە تاوەکو 727 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرزدەکاتەوە ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاریکارییە خۆراکییەکانی جیهان.
داوا دەکەین لە سەرکردەکانی جیهان، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی بارە مرۆییەکان لە دانەوێڵەی ئۆکرانیا و ڕووسیا.
ئەو ئاستەنگیانەی بۆ سەر هاوردەی خۆراک و بەروبوومی کشتوکاڵی لە ڕێگەی گەرووی هوورمز و گەرووی بابولمەندەب و دەریای ڕەش درووستبووە بەهۆی دیاردەکانی کەشوهەوا زیادیان کردووە.
داوای دۆزینەوەی چارەسەری خێرا دەکەین بۆ گەیاندنی نزیکەی 10 ملیۆن تۆن لە دانەوێڵەی ئۆکرانی و ڕووسی بۆ دەست ئەو کەسانەی پێویستیانە.
266 ملیۆن کەس لە جیهان لە دۆخی برسێتی تونددان و مەترسی درووستبوونی دۆخی خراپی برسێتیش هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی سوودان و سۆماڵ.
بەگشتی جەنگەکان کاریگەری ڕاستوخۆییان هەیە لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی، لە ئێستادا بۆ ساڵی 2027 رێکخراوەکە ئامانجەکانی لە هاریکاری کردنی 110 ملیۆن کەس کەم کردووەتەوە بۆ 91 ملیۆن کەس، بەڵام بەهۆی زیادبوونی تێچووی سەر رێکخراوەکە، بە ئەگەری زۆرەوە ئەم ژمارەیەش کەم دەکات.
