سەڵاحەدین دەمیرتاش: کاتێک بەرپرسانى تورکیا دەچنە هەرێمى کوردستان کێشەیان لەگەڵ زمانى کوردى نییە
پرۆسەی دانیشتنی دادگاى تورکیا لەبارەی دۆسییەى کۆبانێ بەردەوامە و تێیدا 108 کەس دادگایی دەکرێت، یەکیان سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپەیە و بەردەوامە لە بەرگریی لەخۆکردن.
دەمیرتاش لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریی دانیشتنەکەی کرد و لەکاتى بەرگریکردن لەبارەی کێشەی کوردەوە گوتی، دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد هێنا، ئەگەر جارێکی دیکە پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە پێویستە لایەنەکان گەرەنتی وەربگرن.
گوتیشی، هۆکاری ئەوەی ئێستا دادگایی دەکرێن ئەوەیە باسی کورد و کوردستان دەکەن.
هاوسەرۆکى پێشووترى هەدەپە رەخنەی لە پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتى بزووتنەوەى ناسیۆنالیستى (مەهەپە) گرت کە زمانی کوردی رەتدەکەنەوە و رایگەیاند، کاتێک ئەندامانی ئەو دوو پارتە بۆ بارزگانی دەچنە هەرێمی کوردستان کێشەیان لەگەڵ زمانی کوردی نییە، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە تورکیا زمانی کوردی رەتدەکەنەوە.
دەمیرتاش باسی لەوەشکرد، نوێنەرانی کورد لە تورکیا یاخود لە زیندانەکاندان یاخود لە ئاوارەیی دەژین، کاتێک دەوڵەت تووشی کێشە دەبێت پەنا بۆ کورد دەباتەوە، لە کاتێکدا کورد هەمیشە و هەموو کاتێک ئامادەی گفتوگۆ و ئاشتییە.
08/01/2024