لە یەکشەممەوە کارەباى نیشتمانى لە هەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە.
کەمبوونەوەى کارەباى نیشتمانى گرفتى گەورەى بۆ کاسبکاران دروستکردووە.
نەبوونى کارەبا لە کاتێکدایە شەوى ڕابردوو لافاو چەند گەڕەکێکى شارەکەى گرتەوە و سەدان ماڵ قوڕ و لیتەیان تێچوو.
کەمبوونەوەى کاتژمێرەکانى کارەباى نیشتمانى لە هەولێر گرفتى بۆ دانیشتووانى شارەکە و کاسبکاران دروستکردووە و بەهۆى مەترسیى ئاگرکەوتنەوەش، بازاڕى داون تاونى شارەکە دادەخرێت.
ئێستا تەنیا دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەباى نیشتمانى لە هەولێر هەیە.
بەهۆى نەبوونى کارەباوە کاسبکارانى هەولێر لە بازاڕەکان پەنایان بۆ هەڵکردنى مۆلیدەى دەستى بردووە.
دوێنێ لە بازاڕى داون تاون بەهۆى زۆریى کارپێکردنى مۆلیدەى دەستى مۆلیدەیەک گڕى گرت.
بەهۆى مەترسیى ئاگرکەوتنەوەش بازاڕەکە داخراوە.
بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8، بەشى زۆرى ئەو کارەبایەی دەدرێتە پارێزگاى هەولێر بۆ نەخۆشخانەکان، بەندینخانە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت.
پارێزگارى هەولێربۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشایەی کارەبا، خشتەیەکی نوێی کارکردنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرد، بەگوێرەی خشتەکە، لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدەکان لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تاوەکو 9:00ـی بەیانی دواتر لە کاتژمێر 13ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 1:00ـی بەرەبەیان هەڵیدەکەنەوە، ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەو کاتانەی کە دیاریکراوە بۆیان، هەژمار ناکرێت.
وەزارەتی كارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا لە 1000 مێگاوات بۆ 1500 مێگاوات بەرز کرایەوە