بۆ بەفەڕمى ناساندنى زمانى کوردى پارتی دەم نامەیەکی بۆ یونسکۆ نارد
پارتی دەم بە حەوت زمان نامەیەکی بۆ یونسکۆ نارد و داوای کردووە، فشار لە تورکیا بکات تاوەکو زمانى کوردیی وەکو زمانی فەرمی بناسێنێت.
پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) بە واژۆی هاوسەرۆکانی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، نامەیەکی بە کورمانجی، زازاکی، عەرەبی، تورکی، ئەرمەنی، سریانی و ئینگلیزی، ئاڕاستەی یونسکۆ کردووە، داوای کردووە شاندێک رەوانەی تورکیا بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو "ستەم"ەی بەرامبەر زمانی دایک دەکرێت.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو هەموو ئەو زمانانەی لە تورکی جیاوازن ستەمیان بەرامبەر دەکرێت و قەدەغەکراون، ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا 18 زمان لە تورکیا لەژێر مەترسیی لەناوچوون و لاوازبوونی تەواوەتیدابن، یەکێک لەوانە زمانی کوردییە".
هاوسەرۆکانی پارتی دەم لە درێژەی نامەکەیاندا داوایان لە تورکیاش کردووە، رێز لەیاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و ئەو زمان و زاراوانە قبوڵ بکات کە لە تورکی جیاوازن.
رێکخراوی یونسکۆ لەساڵی 1999دا 21ـى شوباتی وەکو رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریکرد، لە کۆی نزیکەی حەوت هەزار زمانیش لە جیهان، تەنیا 106 زمانیان وەکو زمانی فەڕمی ناسێندراون.
21/02/2024