
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان 220 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
هەناردەى نەوتى کەرکوک و بەسرە بۆ بەندەرى جەیهان کەمیکردووە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان 220 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و بەراورد بە سەرەتاى ئەم مانگە ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە.
تاوەکو کۆتایی مانگى 10، واتە تشرینى یەکەم، هەرێمى کوردستان زۆرترین هەناردەى ڕۆژانەى 205 هەزار بەرمیل بووە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە.
بەڵام لە سەرەتاى ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا رۆژانە 15 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بە پێچەوانەوە هەناردەى نەوتى کەرکوک و بەسرە بۆ هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان کەمیکردووە، بەهۆى ئەوەى تانکەرەکانى کۆمپانیاکان نەوتى خاوى بەسرەیان نەگواستووەتەوە کە پێشتر 60 هەزار بەرمیل نەوتیان دەگواستەوە ڕۆژانە و ڕەنگە چەند رۆژى داهاتوو دەستبکەنەوە بە هەناردەکردن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە بەسرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـى تشرینى دووەم، تەنیا 177 هەزار بەرمیل لە ڕێگەى تانکەرەکانى کۆمپانیاکان بۆ خورمەڵە گەیشتووە و لەو بڕە 90 هەزار بەرمیلى بۆ پاڵاوگەى کار ڕۆیشتووە و 87 هەزارى نەوتى بەسرە هەناردە کراوە لەگەڵ 65 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوک.
بەگشتى هەناردەى نەوتى خاوى کەرکوک و بەسرە 152 هەزار بەرمیل بووە و لەگەڵ 220 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان 372 هەزار بەرمیل لە ڕێگەى هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە کراوە، هاوکات ئەوەشیان دووپاتکردەوە کە بەتێکڕا لەماوەى ئەم 10 رۆژەدا زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاو گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان.
کۆمپانیاى نەوتى باکوور جەختى لەوەکردەوە، هەنارەى ڕۆژانە گۆڕانکارى بەسەردا دێت، هەندێ ڕۆژ 450 هەزار بەرمیل و هەندێ ڕۆژ کەمترە و لە یەکى ئەم مانگە 506 هەزار بەرمیل بووە.