چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ 26 هەزار تۆن زەیتوون بەرهەمبهێنرێت.
پارێزگاى مەڕەش وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون هەژمار دەکرێت.
لە مەڕەشى باکوورى کوردستان، تاوەکو چاو بڕکات دارى زەیتوونە، ژمارەیەک جووتیارى ژن و پیاو، هاتوونەتە ناو باخەکەیان و لە ژێر سێبەری دارەکاندا بەرهەمی ماندووبوونی ساڵێکیان دەچننەوە.
کرێکاران و خاوەن باخەکان بەدەم گۆرانی گوتنەوە، هیوای وەرزێکی پڕ خێر و بەرەکەت دەخوازن.
زەیتوون بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانى بژێوی دانیشتووانى مەڕەش دادەنرێت.
لە باریی کەشوهەوا و خزمەتکردنی دروستی باخەکانەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەم بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت.
کشتوکاڵ و دارستانی مەڕەش: چاوەڕوان دەکەن بەرهەمى زەیتوونى ئەمساڵ لە ناوچەکەدا نزیکەی 26 هەزار تۆن بێت.
لەم ناوچەیەدا زەیتوون وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری و بژێوی دانیشتووانەکەی سەیر دەکرێت.
جگە لە شێوازە نەریتییەکان، بۆ لێکردنەوە و کۆکردنەوەى بەرهەمى زەیتوون، جووتیاران سوود لە ئامێرە نوێیەکانیش وەردەگرن.
لە سەرتاسەری پارێزگاى مەڕەشدا شەش ملیۆن داری زەیتوون هەیە.
لەم ژمارەیە چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار داریان بەر دەگرن و بەرهەمیان هەیە.
مەڕەشى باکوورى کوردستان، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون و ڕۆنى زەیتوون هەژمار دەکرێت، جووتیارانی ناوچەکەش بە پاڵپشتیی پسپۆڕانی کشتوکاڵی کارەکانی خزمەتکردن و هەڵپاچینی دارەکان بە شێوازی زانستی و نوێ ئەنجام دەدەن، ئەمساڵ چاوەڕوانی وەرزێکی پڕ بەرەکەت دەکەن، بۆ ئەوەی ئابووریی ناوچەکەیان زیاتر ببووژێتەوە.