قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر چواری ئەمڕۆوە مۆلیدەکان کاریان پێدەکرێت.
لە کاتژمێر 6 بۆ 8 بەیانی و لەکاتژمێر 4 بۆ 1ـی شەو مۆلیدەکان کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
قایمقامییەتی سلێمانی و کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان، ڕێککەوتن لە ئەمڕۆ کاتژمێر چوارەوە مۆلیدەکان هەڵبکرێنەوە و ئەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی نییە ، کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
کاتەکانی هەڵکردنی مۆلیدەکان لە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو هەشتی بەیانی و لە چواری پاشنیوەڕۆ تاوەکو یەکی شەو دەبێت.
تەنیا ڕۆژانی هەینی جیاواز دەبێت و لە جیاتی بەیانیان زوو لە کاتژمێر 11 بۆ یەکی دوانیوەڕۆ و ئێوارانیش لە کاتژمێر چوارەوە بۆ یەکی شەو کار بە مۆلیدەکان دەکەن.
ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی دیکەیان دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاری مۆلیدەکان.
ڕۆژی شەممە نرخی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکان دیاریدەکرێت.
لە ڕانیەش بەهەمانشێوەیە، سەرۆکی کۆمەڵە ئەهلییەکانی ڕانیە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە شەش بۆ هەشتی بەیانی و دواتر لە یەکی دوانیوەڕۆ تاوەکو یەکی شەو، کار بە مۆلیدەکانیان دەکەن.
لە سنووری پارێزگای دهۆکیش، بەگوێرەی ڕێککەوتن لە نێوان کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ئیدارەی پارێزگای دهۆک، سیستمی کارکردن بەو شێوەیەیە کە هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا مۆلیدە کار دەکات و کارکردنیشیان 24 کاتژمێرییە، واتە مۆلیدەکان نزیکەی 20 کاتژمێر کاردەکەن.
لە هەولێریش کارەبای نیشتمانی زۆر کەمە و ڕۆژی ڕابردوو پارێزگای هەولێر خشتەیەکی نوێی کارکردنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرد، بەگوێرەی خشتەکە، لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدەکان لە کاتژمێر 7ـی بەیانی تاوەکو 9ـی بەیانی دواتر لە کاتژمێر 1ـى پاشنیوەڕۆ تاوەکو 1ـی شەو هەڵیدەکەنەوە، ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەو کاتانەی کە دیاریکراوە، بۆیان هەژمار ناکرێت.