هەڵوێستی بەشێک لە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا سەبارەت بە هەنگاوەکانی زەیدی

پووختەى هەواڵەکە

  • زاڵمای خەلیلزاد هۆشداری دەدات لە ناسەقامگیربوونی عێراق.

  • ڤیکتۆریا تایلەر، ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان جورفولسەخەر نییە.

  • ڤیکتۆریا تایلەر، ڕایگەیاند، پێگەی هەرێمی کوردستان دەستوورییە.


هەرچەندە تاوەکو ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بۆچوونێکی فەرمییان دەربارەی هەنگاوەکانی ئەمدواییەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەبووە، بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و سنووری هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، بەڵام چەند دیپلۆماتکار و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا، هەڵوێست و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم پێشهاتانە دەربڕیوە، لەوانە زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق کە هۆشداری دەدات لە ناسەقامگیربوونی عێراق بەهۆی ئەو هەنگاوانەی عەلی زەیدییەوە.


پەیامى زاڵماى خەلیلزاد

  • چەند هەفتەیەک دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەهۆی هەنگاوەکانی عەلی زەیدییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر کەوتوونەتە ناو قەیرانەوە.

  • هۆشداری دەدات لەوەی ئەم گرژییانە ئەگەرى هەیە سەربکێشن بۆ مەترسیی گەورەتر و ناسەقامگیریکردنی وڵاتەکە.

  • دەستووری عێراق چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

  • هەروەها داوا دەکات واشنتن بێتە سەر هێڵ و نێوەندگیری بکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

پەیامى ڤیکتۆریا تایلەر بەرپرسی پێشووی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

  • هەرێمی کوردستان جیاوازە لە جورفولسەخەر و هێزی پێشمەرگەش گرووپە چەکدارەکان نین.

  • ڕەخنە لە بەراوردکردنی دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی جورفولسەخەر دەگرێت.

  • داهاتی فرۆشتنی نەوت لە جورفولسەخەر بۆ گرووپە چەکدارەکان بووە، کە هێرش دەکەنە سەر عێراق و دراوسێکانی.

  • بەڵام هەرێمی کوردستان پێگەیەکی دەستوریی هەیە و بە پێچەوانەی ئەو گرووپانەیە.

  • هەرێمى کوردستان بە گوێرەی دەستووری عێراق قەوارەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراو و نیمچە سەربەخۆیە.

  • نابێت هەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

  • بەڵکو پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

نوێترین لێدوانى زەیدى لەبارەى کێشەکان: کورد بەشێکى ڕەسەنی گەلی عێراقە

Loading related news...