یەبەشە گیان لەدەستدانی شەش ئەندامی راگەیاند

کەناڵ8 25/10/2024
شارۆچكەی شنگال
شارۆچكەی شنگال

یەبەشە گیانلەدەستدانی شەش ئەندامی لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای تورکیا بۆ سەر شنگال راگەیاند.

فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی شنگال لەلایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای تورکیا سێ رۆژە بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی 16 شوێنی لە شنگال دەکات کە زۆرینەیان شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانی سڤیلن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی یەبەشە، بەهۆی بۆردوومانەکانی شەوی رابردووی سوپای تورکیاوە شەش چەکداریان بە ناوەکانی، نەمر حەلقی، ئۆرهان شنگال، عومران ئەحمەد، دلبرین شنگال، ئازاد شنگالی، دڵگەش شنگالی و رۆژهات عەرەب گیانیانلەدەستداوە و ئەندامێکی دیکەشیان بریندار بووە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی 23ـی ئەم مانگە هێرشکرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی تورکیا لە ئەنقەرە، لە دوای ئەو هێرشە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشەکە، بۆردوومانی 30 شوێنیان لە باشووری کوردستان کردووە یەکێک لەو شوێنانەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردوومانکراوە، شنگالە.

کەناڵ8

25/10/2024