ستارلینک ئینتەرنێت دەباتە قۆناغێکى دیکەوە
ستارلینک Starlink، پڕۆژەیەکی کۆمپانیاى SpaceXە، لە بوارى دابینکردنى ئینتەرنێت لەڕێی مانگى دەستکردەوە کار دەکات، گەورە ملیاردێرى ئەمریکیى ئیلۆن مەسک خاوەنداریەتیی دەکات.
ئامانجی ستارلینک ئەوەیە، ئینتەرنێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی بۆ سەرانسەری جیهان دابین بکات، هاوکات، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرایە، بۆ ناوچە دوورەدەستەکان و گوندنشینەکان، کە کەمتر خزمەتگوزارییان پێدەگات.
ستارلینک، پێکدێت لە هەزاران مانگی دەستکردی بچووک، لە خولگەی نزمی زەویدان، ئەم مانگە دەستکردانە پێکەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی تۆڕێک کە بتوانێت پەیوەندیی ئینتەرنێت بگەیەنێتە سەر رووی زەوی.
پرۆژەکەی سپەیس ئێکس، لە کانوونى دووەمى ساڵی 2015 راگەیەندرا، هەرچەندە لەو کاتەدا ناوی نەنرابوو، بەڵام ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە رایگەیاند، رەزامەندیی وەرگرتووە تاوەکو نزیکەی 4000 مانگی دەستکرد لە خولگەی نزمی زەویدا دابنێت.
بەگوێرەی راپۆرتی پێگەی جۆنسان ماکدۆڤێڵی، تایبەت بە بۆشایی ئاسمان، لە دوا ئاماری مانگی تەمووزی ساڵی 2023دا هاتووە، 4519 مانگی دەستکردی ستارلینک لە خولگەی زەویدا هەن، کە 4487 مانگی دەستکردیان کاردەکەن.
جێگیرکردنی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک، لەساڵی 2018ەوە دەستیپێکرد، کۆمپانیای سپەیس ئێکس، شەپۆلی یەکەمی مانگە دەستکردەکانی، لەناو موشەکەکانی فالکۆن 9دا هەڵدایە خولگەی زەوی.
ئەو کڕیارانەی بەشداریی لە ستارلینک دەکەن، تێرمیناڵی بەکارهێنەر وەردەگرن، کە مانگێکی دەستکرد و مۆدێمێکە پێکەوە، ئەم تێرمیناڵانە بەشێوەیەک دیزاین کراوون، دانان و بەکارهێنانیان ئاسانبێت و بەشداریکردن لە ستارلینک پێویستی بە کڕینی وەرگری مانگە دەستکردەکە هەیە، لەگەڵ کرێی بەشداریکردنی مانگانە، بەڵام نرخەکان بەگوێرەی ناوچەکان جیاوازن.
ستارلینک لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020، چووە قۆناغی تاقیکارییەوە و دەستیکرد بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی "باشتر لە هیچ" بۆ کڕیارەکانی لە چەند شوێنێکی دیاریکراو، لەوانە ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا، ئەمەش رێگەی بە سپەیس ئێکسدا، سیستمەکە تاقیبکاتەوە و هەڵسەنگاندن لە بەکارهێنەران وەربگرێت.
خێرایی ئینتەرنێتەکەی ستارلینک، لەنێوان 50 مێگابایت لە چرکەیەکدا بۆ 150 مێگابایت لە چرکەیەکدا تۆمارکراوە.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس، بەردەوامە لە ناردنی مانگی دەستکردی زیاتر و فراوانکردنی رووماڵکردنی ئینتەرنێت، پلانیشی هەیە، بەردەوامبێت لە جێگیرکردنی مانگە دەستکردەکان، تاوەکو ئەو کاتەی توانای رووماڵکردنی ئینتەرنێتی بۆ هەموو جیهان دەبێت.
بەم هەنگاوە ستارلینک دەچێتە نێو کێبڕکێی کۆمپانیا کۆن و تەقلیدییەکانى ئینتەرنێتەوە کە بە رێگا ئاساییەکان ئەو خزمەتگوزارییە دابین دەکەن، بەتایبەت خێراییەکەى ستارلینک رەنگە کێبڕکێکردنى ئاسان نەبێت.
لەئێستادا ئەم خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتییە لە 40 وڵاتدا بەردەستە، لەگەڵ ئەوەی ئۆفیسی سەرەکی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، پۆرتۆ ریکۆ و دوورگەکانی ڤێرجینیای ئەمریکا دەتوانن ستارلینک بەکاربهێنن، چونکە بەشێکن لە ئەمریکا، لە کەنەداش ئەم خزمەتگوزارییە بەردەستە.
ئەوروپا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا لەم بابەتەدا بەشدارن، ستارلینک بۆ دانیشتوانی ئوسترالیا و نیوزلەنداش بەردەستە، بەمدواییانەش چەندین نەتەوەی نوێ زیاد بوون، هۆڵەندا، نەمسا، بەلجیکا، ئێرلەندا، دانیمارک، سویسرا، پورتوگال، پۆڵەندا، ئیتاڵیا، سوید و هەموو دەوڵەتانی باڵتیک و ژمارەیەک لە نەتەوەکانی ئەمریکای باشوور لە نێویاندان.
لەوکاتەی رووسیا لەشکرکێشیی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، زۆرێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئۆکرانیا داخران، لەنێویاندا ئینتەرنێت.
لەبەر ئەم هۆکارە ئۆکرانیا داوایدەکرد ئیلۆن مەسک، ستارلینک جێگیر بکات بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، بۆیە بە هۆکاری یارمەتیدانی هاووڵاتییان و سەربازانی ئۆکرانیا، ئیلۆن مەسک ستارلینکی لە ئۆکرانیا چالاککرد و چەندین مانگی دەستکردی تەرخانکرد بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هەموو کەسێک لەوێ دەستی بە ئینتەرنێتی متمانەپێکراو بگات.
هەرچەندە هەندێک نیگەرانی هەبوون، کە رەنگە ئیلۆن مەسک نەتوانێت بەردەوامبێت لە خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک، بەڵام فشاری گشتی و هەندێک لێدوان و گوتەی سەرچاوەکان لە کۆتاییدا بەو مانایە بوو کە ستارلینک هێشتا لەسەر ئۆکرانیا کاردەکات و ئەو کەسانەی لەوێ دەژین، هێشتا دەستیان بە ئینتەرنێتی "خێرا و متمانەپێکراو" دەگات و دەتوانن بەکاریبهێنن.
01/10/2023