
حکومەتى عێراق یەک ملیۆن پارچەزەویی کشتوکاڵى دابەش دەکات.
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە بڕى 700 ملیۆن دینار پاڵپشتیی پڕۆژەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵ دەکات.
حکومەتى عێراق، یەک ملیۆن پارچەزەوى کشتوکاڵى دابەش دەکات، ڕووبەرى 20 بۆ 25 دۆنم زەوى دەدرێتە هەر خێزانێک بۆ کارى کشتوکاڵى، وەزارەتى کشتوکاڵیش بڕى 700 ملیۆن دینار دەداتە پڕۆژەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵى گەورە.
عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرانى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بەدواداچوونى کرد بۆ میکانیزمەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەى دابەشکردنى یەک ملیۆن پارچە زەویى کشتوکاڵى.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى میکانزیمەکانى جێبەجێکردنى دەستپێشخەریەکە و پێداویستییەکانى سەرخستنى کرا،.
ناوەرۆکی دەستپێشخەرییەکە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە ڕاگەیێنراوە بۆ دابەشکردنى یەک ملیۆن پارچە زەویى کشتوکاڵى لە 15 پارێزگا، لە پێناو وەبەرهێنان لە توانا کشتوکاڵییە بەردەستەکانى وڵات.
سەرۆکوەزیران دووپاتیکردەوە لە گرنگیی ستراتیجى دەستپێشخەرییەکە و بە هەنگاوێکى میحوەرى بۆ بەهێزکردنى ئاسایشى خۆراک ناوبرد.
پڕۆژەکە دەبێتە بنەمایەکى سەرەکى بۆ سەقامگیریی نیشتمانى و ڕەخساندنى هەلیکار و چالاککردنى کەرتى کشتوکاڵ.
جەختیکردەوە لە پێویستى وەبەرهێنان لە سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراقدا.
زەیدى ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژەکە تەرخانکردنى زەوى کشتوکاڵى بە ڕووبەرەکانى 10 بۆ 25 دۆنم بۆ هەر خێزانێک دەگرێتەوە، بەمەرجێک لەچوارچێوەى کۆمەڵگە و ڕووبەرى نزیک لە یەک بێت، تاوەکو بتوانرێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ژێرخانى بۆ دابینبکرێت بەتایبەتیش ڕێگەوبان و کارەبا، لەگەڵ بەکارهێنانى سیستمى نوێى ئاودان و ئامێرى کشتوکاڵى پێشکەوتوو.
لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ڕایگەیاند، پاڵپشتیی پڕۆژەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵى گەورە بەبڕێک پارە تاوەکو دەگاتە 700 ملیۆن دینار دەکات.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئامانج لە دەستپێشخەرییەکە پاڵپشتیی دامەزراندنى پڕۆژەى تەواوکارە بۆ بەخێوکردنى سەر ئاژەڵى گەورە.
