خەونی پاڵەوانبوون لەم وەرزەدا بۆ ڤێرشتاپن کۆتاییهات

- ماکس ڤێرشتاپن نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە بڕیارە ستراتیجییەکانی تیمی ڕێدبوڵ لە پێشبڕکێی خەڵاتی گەورەی ئەمریکادا دەربڕی.
- شۆفێرە هۆڵەندییەکە جەختیکردەوە کە چەندین بڕیاری تیمەکە لەسەر شێوازی بەکارهێنانی تایەکان، پێشوەختە لەگەڵیدا باس نەکراون و ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە.
- ڤێرستاپن ئاماژەی بەوەدا کە ئۆتۆمبێلەکەی چەندین کێشەی تەکنیکی هەبووە، لەوانەش ناتەواوی لە سیستەمی بزوێنەر و گۆڕینی خێراییەکاندا.

لە پێشبڕکێی خەڵاتی گەورەی ئەمریکادا، ماکس ڤێرشتاپن
پاڵەوانی پێشووی جیهانی فۆرمولا 1 ، خەونی بوون بە پاڵەوانی بۆ ئەمساڵ کۆتاییهات،
ئەمەش دەنگدانەوەی گەورەی لەناو جیهانی  فۆرمولا 1 دروستکردووە، چونکە ماکس چوار ساڵ
لەسەریەک پاڵەوانی فۆرمولا 1 بوو، کەچی ئێستا رووخاوە.

ماکس ڕەخنەی توندی لە شێوازی کارکردن و بڕیارە ستراتیجییەکانی
تیمی ڕێدبوڵ گرت، دوای ئەوەی توانی پلەی سێیەمی پێشبڕکێیەکە لە سەرتاسەری
کاتژمێرەکانی کێبڕکێدا مسۆگەر بکات.

شۆفێرە هۆڵەندییەکە ئاشکرای کرد کە زۆرینەی بڕیارەکانی
تیم لەسەر شێوازی بەکارهێنانی تایەکان، بەبێ ڕەزامەندی و پێشوەختە بووە و ئەوەی
کراوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پلانە سەرەتاییەکاندا یەکیان نەگرتووە.

ڤێرشتاپن کە هیوای خواستبوو لەسەر خەتی دووەمی
دەستپێکەوە کێبڕکێی سەرکەوتن بکات، ڕووبەڕووی ڕێگەیەکی قورس بووەوە، بە تایبەت کە
کێبڕکێکارانی پێشەوە خێراییەکی باڵایان هەبوو.

سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی سێیەم، ڤێرشتاپن لە
لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان دیاربوو کە زۆر نیگەرانە و ڕایگەیاند کە زۆر شت
بەڕێوەنەچوون وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا. ئەو ڕوونکردەوەوە کە بەکارهێنانی زنجیرەی
تایەی نەرم و مامناوەند بە هیچ شێوەیەک پلانی پێشوەختەی ئەوان نەبووە و لەم
بارەیەوە گلەیی خۆی دەگەیەنێتە تیمەکە، چونکە بە وتەی ئەو کەس پێشوەختە
ڕوونکردنەوەی پێنەداوە کە بۆچی ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە کراوە.

ئێستا لە ریزبەندیی شۆفێراندا، کیمی ئەنتۆنێلی و جۆرج
رەسڵ، شۆفێرانی تیمی مێرسیدس پلەی یەکەم و 
دووەمیان گرتووە، لیویس هامیلتن، پلەی سێیەم و ماکس ڤێرشتاپن پلەی چوارەمی
گرتووە.

لەسەر ئاستی تیم، تیمی مێرسیدس یەکەمە و فێراری دووەمە،
رێدبوڵیش پلەی سێیەمی گرتووە.

تاوەکو ئێستا لە وەرزی 2026ـی فۆرمولا 1،  18 پێشبڕکێ ئەنجامدراوە، پێشبڕکێی داهاتوو، لە
30 ئۆکتۆبەر تا 1ـی نۆڤەمبەر لە مەکسیک بەردەوام دەبێت، دواتر دەچێتە بەرازیل و
پاشان لاس ڤێگاس، لە ئەمریکاوە دەچێتەوە بۆ قەتەر و ئەبو زەبی، کە دوو پێشبڕکێی
کۆتایی وەرزەکە دەبن.



Loading related news...