ئۆونۆی گۆڵپارێز بۆ 12 یاریی سڕکرا

. یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا خیسوس ئۆونۆی گۆڵپارێزی یانەی ئەندۆرای بۆ 12 یاری سڕکرد.

. سڕکردنەکە بەهۆی پێکدادانێکەوە بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خیسوس دی میگێلی هێرشبەری تێنێریفی.

. ئۆونۆ خەمبارییەکی زۆری دەربڕی و ڕایگەیاند کە قورسترین ڕۆژەکانی ژیانی بەڕێدەکات.

.پۆلیسی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکردووە.

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا خیسوس ئۆونۆی گۆڵپارێزی ئەندۆرای بۆ 12 یاری سڕکرد، دوای ئەوەی لە 2ی ئەم مانگەدا لە یارییەکدا بە توندی خۆی کێشا بە خیسوس دی میگێلی هێرشبەری تێنێریفی و بەهۆیەوە ئەو هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵە گیانی لەدەستدا.

لێژنەی تەمبێکردن ڕایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی هێزێکی لەڕادەبەدەر و لێدانی قاچی لە سنگی یاریزانەکە، هەروەها ئەو ئەنجامە کارەساتبارەی لێکەوتەوە، سڕکردنی بۆ 12 یاری بڕیارێکی دروستە. هاوکات پۆلیسی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.

ئۆونۆ گوتی: "ئەمە قورسترین ڕۆژەکانی ژیانمە و ئازارێکی زۆرم هەیە بۆ لەدەستدانی خیسوس." ڕاهێنەری ئەندۆراش ئاماژەی بەوەدا گەڕانەوەی ئۆونۆ بۆ یارییکردن تەنیا بڕیاری خۆیەتی.

لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی 400 کەس ئامادەی پرسەی دی میگێل بوون، لە نێویاندا لویز دی لا فوێنتێ و فلۆرێنتینۆ پێرێز.

Loading related news...