
ئەندامێکی فراکسیۆنى یەکێتی ڕایگەیاند، تیمى یەکێتى لە حکومەت لە 8ـى ئەم مانگەوە لە سلێمانى دەوام دەکەن.
ئازاد محەممەد دەشڵێت، لەمەودوا بەشداریى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى یەکێتی دەکەین.
ئەندامێکى فراکسیۆنى یەکێتی: لیژنە دروست دەکەین و کەموکوڕییەکان بۆ بافڵ تاڵەبانى بەرز دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێوارەى ڕۆژى شەممە لە دەباشان لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى کۆبووەوە و تێیدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک خراونەتەڕوو، پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە دەڵێت، لەمەودوا بەشداریى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى یەکێتی دەکەین و لیژنە دروست دەکەین کەموکوڕییەکان بۆ بافڵ تاڵەبانى بەرز دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرەتا پشتیوانیى تەواوى خۆى بۆ فراکسیۆنى یەکێتى دەربڕى.
لەسەر ئەم بارودۆخە گفتوگۆى کرد و ئەوەى دووپاتکردەوە کە ئەو "شتە"ـى ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک دانیپێدا نانێین.
سەرۆکى یەکێتی ئەوەى ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژى یەکشەممە 8ـى تشرینى دووەم تیمى یەکێتى لە حکومەت لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕین دەوام دەکەن و ئیش و کارەکانى ئەم دەڤەرە بەڕێودەبەن تاوەکو خزمەتى زیاترى هاونیشتمانیان بکەین.
سەرۆکى یەکێتى جەختى لەوەکردەوە کە ئەم دەڤەرە زۆر زۆر مەغدوورە لە خزمەتگوزارییەکان.
سەرۆکی یەکێتی نمونەى شارۆچکەى چەمچەماڵى هێنایەوە کە هەزاران قوربانی و شەهیدیان هەیە و غازى سروشتى و کارەباى 24 کاتژمێریى غازى ماڵان( ئێل پی جى) بۆ هەموو هەرێمى کوردستان دابین دەکات، بەڵام خزمەتگوزاریى پێویستى پێنەگەیشتووە.
گوتیشى" هەموو شارۆچکە و شارەدێیەکان و ناوچەکان غەدریان لێ کراوە و پێویستە خزمەتگوزارییەکان و ئەو پڕۆژانەى ڕاگیراون، کاریان لەسەر بکرێت".
بافڵ جەلال تاڵەبانى زۆر تەئکیدى کردەوە، هیچ سازشێک لەسەر مەرجەکانى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دواى ئەو "شتە" ناکرێت و دەڤەرى خۆمان بەڕێوە دەبەین.
دەربارەى ئەو سێ ئەندامەى فراکسیۆنى یەکێتى کە بەشدارى ئەو "شتە"یان کرد، ئازاد محەممەد گوتى" هێشتا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەو سێ کەسە بە دڵنیایی لەناو فراکسیۆنى یەکێتى نەماون و حەق و حسابى ئەوانە لەگەڵ پارتى دەکرێت ئەگەر دانیشتن و دانووستان هەبێت".
دەربارەى بڕیار و ڕاسپاردەکان، ئەو پەرلەمانتارەى فراکسیۆنى یەکێتى ئەوەى ڕوونکردەوە، بڕیاردرا لەمەودوا ئەندامانى فراکسیۆن بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتیدا دەکەن.
هەروەها فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەى جیاواز و تایبەتمەند دروست دەکات و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پڕۆژە و گرفتانە دەکەن کە پەیوەندى بە خەڵکی پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕینەوە دەکەن.
گوتیشى" هەموو ئەو پڕۆژانەى قوباد تاڵەبانى و وەزیرەکان دەیاننارد بۆ ئەنجوومەنى وەزیران تاوەکو جێبەجێ بکرێن، بەڵام لەلایەن سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرەوە ڕادەگیرا، بۆیە بافڵ جەلال تاڵەبانى فراکسیۆنەکەى ڕاسپارد لیژنە دروست بکەین، بۆ هەموو سێکتەرەکان و کەموکوڕییەکان بەرز بکەینەوە بۆ سەرۆکى یەکێتى تاوەکو هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ بکەین، ئەوەش بەگوێرەى تواناى دارایی بەردەست.
