
هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بۆ سەر بەرهەمهێنانی غاز بووە.
دانەغاز چوار مانگی پێویستە تاوەکو تۆڕی وایەرە سووتاوەکانی چاک بکاتەوە.
دانەغاز پێش هێرشەکە ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غازی بەرهەم هێناوە.
ئەگەر دانەغاز دەست پێبکاتەوە، توانای بەرهەمهێنانی غاز 50% بۆ 60% دەبێت.
دانەغاز داوای گرەنتیی تەواو دەکات بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی کەوتوون، هێرشەکەی شەوی حەوت لەسەر هەشتی ئەم مانگەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بۆ سەر بەرهەمهێنانی غاز بووە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ سەرچاوەکە دەڵێت: "ئەم هەفتەیە چاوەڕێی کارکردنی دانەغاز مەبن."
دانەغاز لە پاش هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرتووە.
بەهۆی هێرشەکەوە تۆڕی وایەر و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان سووتاون.
پێویستە پاش هەڵسەنگاندنی زیانەکان، لە دەرەوەی وڵات کۆمپانیای شارەزا بهێنرێت و کەرەستەکانیش لە دەرەوە هاوردە بکرێن بۆ چاککردنەوەی، کە ئەوەش پێویستی بە چوار مانگ کات هەیە.
کەناڵ8 زانیویەتی لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکانی دانەغاز و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانیش، کێڵگەکە تەنیا 50% بۆ 60%ـی بەرهەمهێنانی دەبێت بەراورد بە پێش هێرشەکەی ئەم دواییە، چونکە کێڵگەکە کاتێکی زۆری پێویستە تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکە.
هەروەها ئەو زانیارییانەی دراونەتە کەناڵ8 ئاماژە بەوە دەکەن، دانەغاز یەک ساڵی تەواوی پێویستە تاوەکو بگاتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشەکە، ئەو کاتە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەتوانێت بگەیەنێتەوە یەک ملیار پێ سێجا.
کۆمپانیای دانەغاز بە فەرمی بە حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی و حکومەتی فیدراڵی گوتووە: "گرەنتیی دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا بە دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەبێت و پێویستە بە زووترین کات ئەو سیستمە بۆ کێڵگەکە دابین بکرێت."
دانانی سیستمەکەش لانی کەم ساڵێکی دەوێت.
داواشی کردووە کە ئەمجارە دەبێت گرەنتیی 100% بدەن و ڕێگری بکەن لە دووبارە هێرشکردنەوە بۆ سەر کێڵگەکە و گیانی کارمەندان تەواو پارێزراو بێت.
بەهۆی هێرشەکەوە 30%ـی کارمەندەکانی لە کێڵگەکەدا نەماون کە زۆرینەیان بیانین.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازەوە، کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە بۆ تەنیا شەش کاتژمێر و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە ڕۆژانە 11 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان پێ دەدرێت.
هێرشەکە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی، غازی ماڵان و کۆندێنسەیت.
زیانی ڕۆژانەی زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلاری هەیە.
پێش هێرشەکە ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنرا کە بەهاکەی دوو ملیۆن و 310 هەزار دۆلارە؛ هاوکات ڕۆژانە هەزار و 400 تۆن غازی شل (غازی ماڵان) بە بەهای زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار بەرهەم دەهات و ڕۆژانە 22 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتیش بە بەهای 836 هەزار دۆلار لە کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرا.
زانیاریی کەناڵ8: دانەغاز بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر دوو مەرجی هەیە