/

راهێنەری دهۆک دەستلەکاردەکێشێتەوە

سلێمان رەمەزان لە کاتی ئامادەکردنی پلان و تەکتیکی یانەی دهۆک. فۆتۆ: وێبسایتی فەرمی یانەی دهۆک

سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک، دوای ئەنجامە خراپەکانی سێ یاریی رابردووی یانەکەی، بە یاریزانەکانی راگەیاندووە، دەستلەکاردەکێشمەوە، چونکە خۆی بە هۆکاری شکستەکانی یانەکە دەزانێت.

سێیەم شکستی لەسەر یەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، سلێمان رەمەزانی راهێنەری یانەکەی ناچار کرد، دوای شکستی یانەکە بە زەورا، لە ژووری جلگۆڕین، بە یاریزانەکانی بڵێت: "من بەرپرسیارییەتی شکستەکانی یانەکە لە ئەستۆ دەگرم، من و حەیدەر سەباحی یاریدەدەرم بڕیارمانداوە دەستبەرداری پۆستی راهێنەریی یانەکە بین".

کەناڵ هەشت زانیویەتی، کارگێڕی یانەی دهۆک داواکەی سلێمان رەمەزانیان رەتکردووەتەوە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە هەڵوێستی راهێنەرەکەیان ئەنجام دەدەن و دەیانەوێت بە کۆی دەنگ داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی رەمەزان رەتبکەنەوە.

بەرپرسانی یانەی دهۆک، ئەنجامە خراپەکانی سێ یاری رابردوویان دەخەنە ئەستۆی ناوبژیوان، وەک خۆیان دەڵێن: "لە دوو یاری رابردوو بەرامبەر تەلەبە و زەورا، ناوبژیوان ستەمی لێکردوون".

دهۆک بۆ وەرزی نوێ نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ گواستنەوەی یاریزانان خەرج کردووە، بەڵام لە سێ یاری رابردوودا بەرامبەر یانەکانی کارەبا، تەلەبە و زەورا تووشی شکست بوو، لە هەرسێ یارییەکەدا حەوت گۆڵی لێکراوە و تەنیا یەک گۆڵیان تۆمار کردووە.

دوای ئەنجامدانی هەشت گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی دێت، تەنیا پێنج گۆڵی تۆمار کردووە و حەوت گۆڵی لێکراوە.