بلیتێکی یارییەکەی نێوان زاخۆ و دهۆک بە نرخێکی خەیاڵی دەفرۆشرێت و دەبێتە ریکۆرد

یاریزانانی یانەی زاخۆ.

رووبەڕووبوونەوەی دێربی بادینان لە نێوان زاخۆ و دهۆک لە گەڕی 21ی خولی عێراق یارییەکی ئاسایی نییە، هاندەرانی دوو جەمسەرەکە کێبڕکێی نێوانیان لەنێو یاریگە و لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی ریزبەندییەوە بۆ دەرەوەی یاریگە گواستووەتەوە، کار گەیشتووەتە سەر خەرجکردنی ملیۆنان دیناری عێڕاقی لەسەر کورسییەکی ئەو یاریگەیەی کە یارییەکی تێدا ئەنجامدەدرێت و تایبەتە بە یانەی زاخۆ.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەناڵ8 کەوتووە، تەواوی کورسییەکی یاریگەی زاخۆ کە 10 هەزار بوون سەرجەمیان لەلایەن هاندەرانەوە پڕدەکرێنەوە و پارەیان پێدراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەکێک لە کورسییەکان کە پێشتر بە بڕێک پارەی دیاریکراو کڕدراوە، بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراوەتەوە و نرخەکەی لە 105 هەزار دینارەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە ماوەی پێنج خولەکدا ملیۆن بە ملیۆن چووەتە سەر نرخەکەیی و لەکۆتاییدا بە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار لەلایەن کەسێکەوە لە دەستی دووەمەوە کڕدراوەتەوە.

ئەو کەسەش کە کورسییەکی کڕیووە زیاتر لە پێناو خزمەتکردنی یانەی زاخۆدا ئەم کارەی کردووە، تایبەتمەندیی کورسییەکەش لەوەدایە، کە دەکەوێتە نزیکی کورسیی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

ئەم بڕە دەبێتە ریکۆرد لەسەر ئاستی سەرجەم یانەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا لە یاریگەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا رووینەداوە کە هاندەرێک ئەو بڕە خەیالییە بە کورسییەک بدات، لەکۆتاییشدا ئەم ریکۆردە لەلایەن یانەی زاخۆوە تۆمارکرا، کە هاوشانی نرخی یەکێک لە کورسییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و خول و پاڵەوانییەتییە نێودەولەتییەکانە.