یەکشەممەی رابردوو، 10ی کانوونی یەکەم، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ، خەڵاتەکە بەخشرایە براوەی ئەمساڵ کە تشرینی یەکەم ناوەکەی ئاشکرا کرا.
نێرگس محەمەدی، چالاکوانی ئێرانی و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، یەکشەممەی رابردوو، لە مەراسیمێکی شاهانەییدا و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ، لەلایەن کۆمیتەی نۆبڵی وڵاتی نەرویجەوە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێبەخشرا.
لەمیانی مەراسیمەکەدا و لەسەر دەستی منداڵەکانی نێرگس، گوتاری بردنەوەی خەڵاتەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرا و جەخت لە سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتخوازییدا کرایەوە، نێرگس لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە : "لە پشتەوەی دیوارە بەرز و ساردەکانی زیندانەوە پەیامەکەم دەنووسم"، دەشڵێت : "ژیانی چالاکوانەکانی ئێران پڕیەتی لە نەهامەتیی، ئامانجیان مانەوەیە لە ژیاندا".
نێرگسی تەمەن51 ساڵ، بەهۆی شەڕی دوور لە توندوتیژی خۆی بەرامبەر بە بێدەنگكردنی ژنانی ئێران، دەستبەسەرکرا و تاوەکو ئێستاش لە زیندانە، هەڵوێستی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و داواکردنی ئازادیی بۆ ژنانی ئێران، بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە چارەنووسیدا نووسییەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نێرگس لە زیندانەوە، مانگرتنی لە خواردن راگەیاند و رەتیدەکاتەوە بکەوێتە ژێر رکێفی داواکاریی و فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.