چەند راستییەک سەبارەت بە سەلما لاگەرلۆف

یەکێکە لە دیارترین خانمە نووسەرەکانی سوید، بە گێڕانەوە ئەفسانەییەکانی مێژووی وڵاتەکەی چەسپاندووە، سروشت و ژینگەی سوید لە دیارترین رەگەزی گێڕانەوەکانین، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 16ی ئازاری 1940، سەلما لاگەرلۆف کۆچیدوایی کردووە.

سەلما لاگەرلۆف، رێکەوتی 20ی تشرینی دووەمی 1858، لە ناوچەی مارباکای وڵاتی سوید لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرەکەوتوویی بڕیوە و بووە بە مامۆستا و لەپاڵ کارکردندا دەستی داوەتە نووسینی چیرۆک، ساڵی 1895، بەشێوەیەکی سەربەخۆ برەوی بە نووسین داوە، پاڵپشتێکی گەورەی خۆی بووە، لەگەڵ سۆفی ئێلکانی هاوڕێیدا، بە کیشوەری ئەوروپا گەڕاون و لە دیاردە کولتووری و ژینگە جیاوازەکان تێڕاماون.

لە ئاستی نووسین و گێڕانەوەدا، کارەکانی لاگەرلۆف دیار و ناسراون، لە ئاستی گێڕانەوە فۆلکلۆرییەکاندا قەڵەمێکی دیار و کاریگەری هەبووە، بەشێوازێکی راستەقینە و سروشتیی کاری لەسەر زیندووکردنەوەی کەش و ژینگەی گێڕانەوەکانی کردووە و هزرێکی روونی هەبووە، زمانی نووسینی خاوێن و رەوان بووە، کە زۆرینە توانیویانە لێی تێبگەن.

لەتێکڕای ژیانە ئەدەبییەکەی خۆیدا، لاگەرلۆف توانیویەتی بەنزیکەی 40 بەرهەمی ئەدەبی بنووسێتەوە، لە دیارترینیان بریتین لە:

داستانی گیۆستا بێرلینگ
ئیمپراتۆری پۆرتوگالیا
ئەنگوستیلەی لیۆوێنسکیۆلد
گەشتە ناوازەکانی نێڵز

لە ئاستی جیهانییدا، لاگەرلۆف بە گێڕانەوەی "گەشتە ناوازەکانی نێڵز" ناوبانگی هەیە، کە لەڕێگەی زنجیرە ئانمەیشنەوە، زیندووکراوەتەوە و ناوەڕۆکێکی نیشتمانیی تایبەت بە وڵاتی سویدە، ئەم کتێبە، لەنێوان ساڵانی 1906 بۆ 1907 بڵاوکراوەتەوە، چیرۆکی کوڕێکی هەرزەکاری 14 ساڵان دەگێڕێتەوە، کە قەبارەی بچوکدەبێتەوە و فێری زمانی باڵندە و ئاژەڵەکان دەبێت، بە یاوەریی قازێکی کێوی، گەشت بە سروشتی سوید دەکەن.

ساڵی 1907، لە زانکۆی ئوپسالا پلەی دکتۆرای پێبەخشراوە، ساڵی 1909، بەناونیشانی "لە پەسەندکردنی ئایدیاڵیزمی بەرز، تێهزرینی روون و وەرگرتنی رۆحییدا کە تایبەتمەندیی بە نووسینەکانی دەبەخشن". لاگەرلۆف بووە بە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات و بە یەکەم خانمە نووسەر دادەنرێت لە مێژوودا براوەی ئەم خەڵاتە بووبێت، پاشان خەڵاتەکەی بەخشیوە بە حکومەتی فینلەندا، بەمەبەستی کۆکردنەوەی پارە و بەرخۆدان لە دژی نەیارەکانیان.

پاش تێپەڕینی ساڵانێکی پڕ لە نووسینەوەی خەیاڵی رەوان و زیندووکردنەوەی فۆلکلۆر و ئەسفانەی سوید لە چوارچێوەی کارە ئەدەبییەکانیدا، لە رۆژی 16ی ئازاری 1940، لە تەمەنی 81 ساڵییدا، سەلما لاگەرلۆف کۆچیدوایی کردووە و ناوی لە ریزی دیارترین و باشترین نووسەرەکانی سوید و جیهان تۆمارکرا.