فرێدریش شیلەر.. مەزنترین شانۆنووسی کلاسیکی ئەڵمانیا

یۆهان کریستۆف فرێدریش شیلەر، لە ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا، بە مەزنترین شانۆنووسی کلاسیکی و بیرمەندی سەردەمی خۆی ناسراوە، توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەدەبیاتی ئەڵمانیی دروستبکات و ببێت بە هەوێنی چەندین داهێنانی ئەدەبی و هونەریی پاش خۆی.

گەرچی شیلەر بەراورد بە بیرمەند و شانۆنووسە جیهانییەکانی دیکە ژیانێکی کورتی هەبووە، بەڵام توانیویەتی ژمارەیەک شاکار بخولقێنێت، لەوانە زنجیرە درامایەکی گەورە و کاریگەر، بەناونیشانەکانی: The Robbers، Maria Stuart و سێینەی Wallenstein.

رێکەوتی 10ی تشرینی دووەمی 1759، لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە خاوەنی زیرەکییەکی ناوازە بووە و خوێندنی لە ئەکادیمیای سەربازییدا، دەیکات بە پزیشکی سەربازیی و ساڵی 1780 دادەمەزرێت.

لە ئاستی نووسینی شیعریشدا، خاوەنی دەست و پەنجەیەکی باڵای شیعریی بووە، لە تەمەنی 18 ساڵییدا یەکەم شیعری خۆی بڵاوکردووەتەوە، نووسەری شیعری "Ode to Joy"ـە، کە دواتر گەورە موزیکدانەری ئەڵمانیا، بیتهۆڤن دەیکات بە هەوێنی سیمفۆنیای ژمارە نۆی خۆی و پێکەوە یەکێک لە گەورەترین موزیکەکانی مێژوو بەرهەمدەهێنن.

هاوتای گۆتە، بەشدارییەکی گەورەی هەبووە لە رێکخستنەوەی سەکۆ و دیمەنی ئەدەبی و شاعیرانەی ئەوروپا، بەشێکی زۆر لە ئەڵمانییەکان بە شەیکسپیری وڵاتەکەیان ناوی دەبەن، تاوەکو ئێستاش، وەکو باوکی زۆرینەی ئەو شانۆییانە دادەنرێت، کە لە ناوخۆی ئەڵمانیا نمایشدەکرێن و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا ستایشی گەورە دەکرێن.

ساڵانی نێوان 1791 بۆ 1796، شیلەر هاوتای نازناوە ئەدەبییەکەی، نازناوی بیرمەندیی بەدەستدەهێنێت و لە ئاستی چەندین بیردۆزی فەلسەفییدا بیرۆکە و بۆچوونی خۆی لەسەر پرسە جیاوازەکان دەردەبڕێت، بەدیاریکراوییش لە ئاستەکانی: جوانیناسی، ئۆنتۆلۆجیا و تیۆرە سیاسییەکان، کە پێکڕا بوون بە هەوێنی چەندین سەرچاوەی گرنگی فەلسەفیی بۆ قۆناغە جیاوازەکانی بیرمەندیی ئەڵمانیا.

ساڵی 1796، دەستبەرداری نووسینی فەلسەفی دەبێت، خۆی بۆ نووسینی شانۆ تەرخان دەکات، بەڵام بەرهەمهێنانی شانۆییەکان بۆ شیلەر کەمتر لە دەیەیەک دەخایەنێت و لە سەرەتای چلەکانی تەمەنیدا تەندروستیی تێکدەچێت و لە دەرئەنجامدا بەهۆی نەخۆشی، لە تەمەنی 45 ساڵییدا و رێکەوتی نۆی ئایاری 1805 کۆچیدوایی دەکات.

لە دیارترین کارەکانی شیلەر بریتین لە:

Ode to Joy
The Robbers
Don Carlos
Der Taucher